ستایلی یاریكردن، چۆنیەتی بەكارهێنانی دەست بۆ گرتنی راكێت و لێدانی تۆپی زەرد، جۆری راكێت، ئەمانە هەموویان لەوانەیە كە هۆكار بن بۆ ئازار لە باسك و مەچەكدا پاش هەر گێمێكی تێنسی سەر زەوی. لەگەڵ هەر جارێك لێدانی تۆپی تێنسدا، گروپێك ماسوولكەی قۆڵ بەشدار دەبن بۆ كۆنتڕۆڵكردنی جوولەی باسك و مەچەك و دەستدا. زیاد بەكارهێنانی باسك و مەچەك، بەكارهێنانی نادروستی راكێت و گرتنی بە فشاری زۆرەوە و لێدانی تۆپی تێنس بە توندی هۆكاری سەرەكین لەپاڵ ئازاری باسك و مەچەكدا كە دەبێتە ئەگەری فشار خستنە سەر ماسوولكە و ژێیەكانی ماسوولكە كە دەبێتە ئەگەری دڕانی بچووكی ریشاڵەكانی ماسوولكە Tears لەگەڵ هەوكردنی ژێی ماسوولكە Tendinitis كە هۆكارە بۆ ئازار. تەكنیكی هەڵەی وەكو دەسكی گەورە یان راكێتی سووك لە رووی كێشەوە دەبێتە هۆی فشار لەسەر باسكدا، لێرەدا باسك و قۆڵ لەجیاتی راكێت هێدمەی لێدانی راكێتیان بەردەكەوێت و هەڵیدەمژن واتە زیانیان پێدەگات. ئازار لە باسكەوە دەستپێدەكات و دەگاتە مەچەك، هاوكات لەگەڵ لاوازبوونی توانای گرتن بە دەست و پەنجەكان، ئەمانە نیشانەی تایبەتن بە هەوكردنی ژێی ماسوولكەكان. هەندێك جار ئاوسان و سووربوونەوەی لە جومگەی مەچەكدا بەدی دەكرێت لەگەڵ ئازار لەكاتی تەوقەكردن و هەڵگرتنی تەنی قوڕس.