ئایا مرۆڤ هەستی شەشەمی هەیە؟ زانایان دەڵێن، بەڵێ مرۆڤ دەتوانێت كە درك بە كایە موگناتیسییەكەی زەوی بكات. زاراوەی هەستی شەشەم Sixth sense هێشتا جێگیر نەبووە لە لیستی 5 هەستە ناسراوەكانی مرۆڤكە بریتین لە هەستی بینین، بیستن، بۆنكردن، چێژكردن، لەگەڵ هەستی بەركەوتن Touch. پێشبینیكردن لە سەرووی سروشتدا Extrasensory perception ناوێكی ترە بۆ هەستی شەشەم كە هێشتا لە لایەن چەندین ناوەندی زانستییەوە نەك هەر جێگیر نەكراوە، بەڵكو بڕواپێكراویش نییە. لەگەڵ ئەمەشدا، لێكۆڵەرێكی ئەمەریكی بە ناوی جۆ كیرچفینك Joe Kirschvink لە پەیمانگای تەكنەلۆژیای كالیفۆرنیا دەڵێت كە مرۆڤ هەستی شەشەمی هەیە بەوەی كە بە شێوەیەكی ناگەهانە توانای درككردنی بە كایەكانی موگناتیسی زەوییەوە هەیە. ئەم زانایە لە تیۆری دووەمیدا پێی وایە كە خانەكانی وەرگر یان هەستكردن بە چالاكی یان كایەی موگناتیسی بە ناوی سایتۆكرۆم Cytochrome لە چاودا بەرپرسن لە هەستی شەشەم كە وەكو میلەكانی قیبلەنما كاردەكەن، هەروەها جەختی كردەوە كە زۆر لە تێبینییەكان لەسەر نەخشەی كارەبایی مێشكدا EEG بەدی كران لەكاتی سووڕانی كایەی موگناتیسی زەویدا. لە لێكۆڵینەوەیەكی ساڵی 2016 دا هاتووە كە شیردەرەكانی وەكو سەگ، رێوی، گورگ، ورچ و چەند ئاژەڵێكی دیكە خانەی هەستیاریان بە چاڵاكی موگناتیسی لە تۆڕەی چاودا هەیە.