هۆكاری ئارەقەی لەپی دەست

هۆكاری ئارەقەی لەپی دەست
ئارەقەكردن رێگایەكە كە لەش بە هۆیەوە پلەی گەرمی رێكدەخات، لەش ملیۆنەها گلاندی چەوری هەیە كە نیوەیان كەوتوونەتە دەستەكان. لەكاتی چالاكیی فیزیكی، بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی دەوروبەر، یان لەكاتی سترێسدا، گلاندەكانی ئارەقە چالاك دەبنەوە بە مەبەستی ساردكردنەوەی لەش تا پلەی گەرمی ئاسایی دەبێتەوە. لێرەدا، دەستەكان ئارەقەدەكەن بێ ئەوەی كە لەش ئارەقەبكات یان پێویستی بە ئارەقەكردن بێت، ئەمەش دەبێتە مایەی نیگەرانی و گرفت لەكاتی ئەنجامدانی گەلێك كار بە دەستەكان. ئارەقەكردن لە بەری دەستەكاندا Sweaty palms ئەگەرچی حاڵەتێكی باو نییە، بەڵام تووشبوو تا رادەیەكی زۆر بێزار دەكات، هۆكاری راستەقینە هێشتا بە تەواوی نەزانراوە، بەڵام میكانیزمەكەی دەگەڕێتەوە بۆ زیادبوونی چالاكی كۆئەندامی دەماری سیمپەتاوی Sympathetic كە هانی گلاندەكانی ئارەقە لە دەستەكان دەدات بۆ زیاتر ئارەقەكردن بە بێ بوونی هاندەرە سروشتییەكانی ئارەقەكردن وەكو بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی یان شێداری هەوا، تا ئێستاش هۆكارە قووڵەكان لەپاڵ ئەم تێكچوونە بە تەواوی نەزانراون. هەندێك سەرچاوە ئاماژە بەوە دەكەن كە حاڵەتەكە پەیوەندی بە باری دەروونییەوە هەیە بەتایبەتی لەوكاتەی كە بە سترێس حاڵەتەكە سەختتر دەبێت. ئەگەرچی ئارەقەی لەپی دەست بە چەندین رێگا و دەرمان كۆنتڕۆڵ دەكرێت، بەڵام هێشتا چارەسەری یەكجارەكی بۆ ئارەقەی لەپی دەست لەبەر دەستدا نییە، بەڵام تووشبوو دەتوانێت كە بەم گرفتەوە بە وەرگرتنی دەرمان ژیانێكی ئاسایی بباتە سەر.
Top