گەلێك حاڵەت و نەخۆشی كە دەبنە هۆی تێكچوونی هاوسەنگی هۆرمۆنەكان لە لەشدا، رۆڵیان هەیە لە زیادبوونی كێشی لەش، بۆیە پێش پەیڕەوكردنی ریجیم و مەشقی وەرزشی، پێویستە كەپشكنین بۆ هۆرمۆنەكان ئەنجام بدرێت بەتایبەتی هۆرمۆنەكانی گلاندی دەرەقی، هۆرمۆنەكانی زاوزێ، لەگەڵ هۆرمۆنی سترێس. گەلێك كەس بەتایبەتی ئافرەت دوچاری كزبوونی میتابۆلیزمی لەش دەبنەوە لە ئەنجامی سستبوونی گلاندی دەرەقی Hypothyroidism كە هۆكارە بۆ زیادبوونی كێشی لەش تا نزیكەی 8 كیلۆگرام و گرفت لە دابەزاندنی كێشدا، نیشانەكانی تری بریتین لە: هەستكردن بە ماندووبوون، بەرگەنەگرتنی سەرما، وشكبوونی پێست، قەبزی، لەگەڵ چارەسەركردندا توانای دابەزاندنی كێشی لەش ئاسایی دەبێتەوە. لە ئافرەتدا، گرفتی فرەكیسی هێلكەدانەكان PCOS كە دەبێتە ئەگەری بەرزبوونەوەی ئاستی هۆرمۆنی تێستۆستیرۆن و هۆرمۆنی ئینسولین لە لەشدا، هۆكارە بۆ زیادبوونی كێشی لەش و ناڕێكیی سووڕی مانگانە لەگەڵ ئەگەری نەزۆكی و موودەردان و ئەگەری پەیدابوونی زیپكەی هاوشێوەی زیپكەی گەنجێتی. لە قۆناغی وەستانی یەكجارەكی سووڕی مانگانەدا، ئاستی هۆرمۆنی ئیسترۆجین دادەبەزێت، ئەمەش دەبێتە هۆی زیادبوونی كێش یان زیاد كۆبوونەوەی چەوری لە ناوچەی سك و كەمەردا. لە پیاویشدا، لەگەڵ تەمەنی ناوەڕاست و بەسەرەوەدا ئاستی هۆرمۆنی تێستۆستیرۆن بەرە بەرە دادەبەزێت، ئەمەش دەبێتە هۆی زیادبوونی كێش بەتایبەتی لە دەوری ریخۆڵە هاوكات لەگەڵ كەمبوونەوەی بارستایی ماسوڵكە. كە مرۆڤ دەكەوێتە ژێر سترێسی درێژخایەنەوە، لەگەڵ كەم خەوتن، ئەوا ئاستی هۆرمۆنی كۆرتیزۆل Cortisol كە بە هۆرمۆنی سترێس ناسراوە لە لەشدا بەرزدەبێتەوە، ئەم هۆرمۆنە هۆكارە بۆ زیادبوونی كێش.