بە گوێرەی نوێترین راپۆرتە پزیشكییەكان، بەكارهێنانی هاوێنەی لكاو Contact lens بە شێوەیەكی نادروست و بێ رێنمایی دكتۆری پسپۆری چاو هۆكارێكی بەهێزە بۆ تووشبوون بە هەوكردنی چینی كۆڕنیای Cornea چاو. هەوكردنی چینی كۆرنیا Keratitis بە بەكتریا یان كەڕوو یان میكرۆبی تر حالەتێكی بە ئازارە و هاوكاتە لەگەڵ مەترسی لەدەستدانی بینین. تەنیا لە ئەمەریكاد ژمارەی بەكارهێنەرانی هاوێنەی لكاو لەجیاتی چاویلكەی پزیشكی و بە مەبەستی جوانكاری دەگاتە نزیكەی 38 ملیۆن كەس. خەزنكردنی نادروست، زوو نەگۆڕینی گیراوەی پاككردنەوەی هاوێنەی لكاو لە بەكتریا، دانانی هاوێنەی لكاو بۆ ماوەیەكی زۆر یان بە درێژایی شەو ئەگەری هەوكردن و ئاڵۆزییەكان لە چاودا زیاد دەكەن. زۆربەی حاڵەتەكانی هەوكردنی چینی كۆڕنیای چاو ئەگەر زوو دەستنیشان و چارەسەربكرێن هیچ مەترسییەكانی بۆ چاو نابێت، بەڵام ئەگەر دوابخرێت یان چارەسەر نەكرێت ئەوا دەبێتە هۆی سووربوونەوە و ئازار و هەتا كوێربوونیش. هەر كەسێك كە هاوێنەی لكاو بەكاردێنێت، ئەگەر دوچاری سووربوونەوە یان ئازار لە چاودا بێت، پێویستە كە بە زووترین كات سەردانی دكتۆری چاو بكات.