دەرمان ماددەی كیمیاییە و كاریگەری دەكاتە سەر تەندروستی، زۆربەی هەرە زۆری دەرمانەكان بەدەر نین لە زیانی لابەلا. بە رای پسپۆرانی تەندروستی، بەكارهێنانی كەمتری دەرمان واتە تەندروستییەكی باشتر. ئێستا پسپۆرانی تەندروستی لە هەوڵ دان بۆ كەمكردنەوەی ژەمی دەرمان، كەمكردنەوەی ژمارەی دەرمانەكان كە بە یەكەوە لە یەك كات یان كاتی جیاوازدا بەكاردێن بێ ئەوەی كە هیچ كاردانەوەیەكی نێگەتیڤی بۆ تەندروستی هەبێت. بۆیە ئەمە گرنگە كە پاش سەردانی دكتۆر و دیاركردنی چەند دەرمانێك بە یەكەوە لە یەك راچێتەدا،ئینجا پاش تەواوبوونی دەرمانەكان سەردانی دكتۆر بكرێتەوە بە مەبەستی بەسەركردنەوەی تەندروستی و وەستاندنی بەكارهێنانی دەرمانەكان یان بەلای كەم كەمكردنەوەی ژمارەی دەرمانەكان، ئامانج بریتییە لە كەمكردنەوەی بەكارهێنانی چەند دەرمانێك بەیەكەوە لە یەك كاتدا Polypharmacy. نابێ ئەمەش لەیادبكرێت كە گۆڕین یان كەمكردنەوەی ژەم و ژمارەی دەرمانەكان Dprescribing تەنیا ئەركی دكتۆرە و نابێ نەخۆش لەخۆیەوە دەستكاری دەرمانەكانی بكات. ئەمەش روونكراوەتەوە كە بەكارهێنانی چەند درەمانێك بەیەكەوە هۆكارە بۆ ئەگەری كارلێكی نێوانیان Drug interactionكە لەوانەیە كاریگەری نێگەتیڤ بكاتە سەر تەندروستی. ئایا دەرمان زیاتر لەوەندەی كە زۆر پێویستە وەردەگریت؟ ئایا دەزانی كە بەكارهێنانی تەنانەت یەك دەرمان كە بۆ تۆ گونجاو و لەجێ خۆیدا نەبێت، ئەوا زیانی لە سوودی زیاترە بۆ تەندروستی، بۆیە بەكارنەهێنانی دەرمانەكە باشترە بۆ پاراستنی تەندروستی.