سەرئێشە گەلێك هۆكاری لەپاڵە هەتا بۆماوە و جۆری خۆراك رۆڵیان هەیە. لە ئافرەتدا، هەڵبەزین و دابەزینی ئاستی هۆرمۆنەكان هۆكارێكی زەقە بۆ سەرئێشەی درێژخایەن و نۆرەكانی شەقەسەری پەیوەست بە سووڕی مانگانەی ئافرەت. ئاستی هۆرمۆنەكان گۆڕانی بەسەردادێت لە لەكاتی سووڕی مانگانە، لەكاتی دووگیانی، لەكاتی بەكارهێنانی دەنكی رێگری لە دووگیانی، هەروەها لەپاش وەستانی یەكجارەكی سووڕی مانگانەدا. سەرئێشەی هۆرمۆنی Hormonal Headache بەتایبەتی نۆرەكانی شەقەسەر پەیوەندییان بە هۆرمۆنی مێینە واتە ئیسترۆجینەوە Estrogen هەیە. ئەم هۆرمۆنە كۆنترۆلی چەند ماددەیەكی كیمیایی لەناو مێشكدا دەكات كە پەیوەستن بە هەستی ئازار، بۆیە دابەزینی ئاستی ئیسترۆجین دەبێتە ئەگەری سەرئێشە. هۆكارە وروژێنەرەكانی سەرئێشەی هۆرمۆنی: نەخواردنی ژەمێكی سەرەكی، كەم نووستن یان زیاد نووستن، گۆڕانی كتوپڕی كەشوهەوا، سترێس، شیرینكارە دەستكردەكان Artificial sweeteners، سۆسەج، بەرهەمەكانی پاقلەی سۆیا، بڕی زیادی خواردنەوە كافائینییەكانی وەكو چای و قاوە. هەر چەند سەرئێشەی هۆرمۆنی زووتر چارەسەربكرێت، هێندە ئەنجامی باشتری دەبێت، بۆ خۆپاراستن و چارەسەركردن پێویستە كە پەیڕەوی ئەم خاڵانە بكرێت: رۆژانە خواردنەوەی بڕێكی باشی ئاو، با شوێنی نووستن تاریك و هێمن بێت، دانانی بەفر یان پارچە قوماشێكی سارد لەسەر سەردا، مەساجكردنی شوێنی سەرئێشە، ئەنجامدانی مەشقی هەناسەی قووڵ و مەشقی هێوربوونەوە Relaxation، دەتوانرێت دەرمانی وەكو بروفین یان ناپرۆكسین Naproxen بەكاربهێنرێت، هەروەها دەتوانرێت كە تا رادەیەك سوود لە بەكارهێنانی دەنكی مەگنسیۆم یان دەرمانی دژەخەمۆكی وەربگیرێت.