ئازاری نێك Hip pain گرفتێكی باوە لەكاتی مەشقی وەرزشیدا. هەوكردن لە شانە نەرمەكان و ژێیەكاندا هۆكاری سەرەكییە. هۆكارەكانی ئازاری نێك ئەمانەن: هەوكردنی كیسی شلەی تەڕكردنی جومگە Bursitis كە دەبێتە ئەگەری هەستكردن بە ئازار یان سووتانەوە لە بەشی دەرەوەی جومگەی نێكدا لەگەڵ توندبوونی ماسوولكەكانی قاچ، شكانی ملی ئێسكی ران لە نزیك جومگەی نێكدا لەبەر فشاری میكانیكی زیاد Stress fracture كە دەبێتە هۆی ئازاری تیژ لە بەشی ناوەوەی جومگەی نێكدا بۆ نمووونە راكردن لەسەر كۆنكریتدا، زەبر پاش كەوتنە سەر تەنیشت یان سووڕانی جومگەی نێك كە زیاتر لەبەر دڕانی كڕكڕاگە لە وەرزشواناندا بەدی دەكرێت، لاوازبوونی ماسوولكە كە هۆكارە بۆ ئازار لە نێك و ئەژنۆ و پێیەكاندا، سەوەفان OA، هەروەها زیاد مەشقكردن كە دەبێتە ئەگەری زەبری بچووك بۆ ماسوولكەكان. هەنگاوەكانی خۆپاراستن: (گەرمكردن Warming) پێش مەشقی وەرزشی لەگەڵ (ساردبوونەوە Cool down) پاش مەشقكردن گرنگی زۆری هەیە، هەروەها كەفشی تایبەت بە مەشقی وەرزشی بەتایبەتی رۆیشتن و راكردن زۆر گرنگە، واباشە كە هەر 500 كیلۆمەتر جارێك كەفشەكەت بگۆڕیت، هەر چەند زەوی یان شوێنی مەشقی وەرزشی تەخت بێت هێندە كەمتر فشار دەكەوێتە سەر جومگەی نێك و ئەگەری ئازاری نێك كەم دەبێتەوە.