چۆن خوێنبەرەكانت دەپارێزیت؟

چۆن خوێنبەرەكانت دەپارێزیت؟
رەقبوونی خوێنبەرەكان Atherosclerosis نەخۆشییەكی باوی خوێنبەرەكانە كە بریتییە لە نیشتنی چینێكی چەوری Plaque لەسەر ناوپۆشی خوێنبەرەكاندا. ئەم حاڵەتە زیاتر لە خوێنبەرە قەبارە مامناوەندییەكاندا روودەدات، ئەمەش دەبێتە هۆی تەسكبوونەوەی خوێنبەر و كەمبوونەوەی لێشاوی خوێن لەناویدا. ئەگەر رەقبوونی خوێنبەر لە یەكێك یان زیاتر لە خویصنبەرەكانی تاجی دڵدا رووبدات ئەوا دەبێتە هۆی نەخۆشی سینگەدڕە كە بە نەخۆشی خوێنبەرەكان دڵ CHD ناوزەد دەكرێت. ئەگەر رەقبوون لە یەكێك یان زیاتر لە خوێنبەرەكانی مێشكدا رووبدات، ئەوا دەبێتە هۆی جەلتەی مێشك Stroke. گرنگترین هەنگاوەكانی خۆپاراستن لە رەقبوونی خوێنبەرەكان ئەمانەن: یەكەم، پەیڕەوكردنی خۆراكێكی هاوسەنگ و جۆراوجۆر كە بۆ دڵ تەندروستییانە بێت وەكو میوە، سەوزە، شیرەمەنی یان ئەلبانی كەم چەوری، خواردنی دانەوێڵەی تەواو Whole grains، لەگەڵ پرۆتینی بێ چەوری، هاوكات لەگەڵ دووركەوتنەوە لە چەوری زیاد، شەكری زیاد، هەروەها خوێی زیاد. دووەم، رۆژانە تەرخانكردنی كاتێكی باش بۆ مەشقی وەرزشی. سێیەم، دووركەوتنەوە لە جگەرەكێشان. چوارەم، ئەگەر كێشت زیادە یان قەڵەویت، پێویستە كە بە زووترین كات لەژێر چاودێری دكتۆردا كێشت دابەزێنیت. پێنجەم، بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و نەخۆشی شەكرە ئەگەری تووشبوون بە رەقبوونی خوێنبەرەكان زیاد دەكەن، بۆیە بۆ خۆپاراستن لەسەر تووشبووان پێویستە كە جگە لە پەیڕەوكردنی ئەم هەنگاوانەی سەرەوە، بە وردی پابەندی پارێز و بەكارهێنای دەرمان بن.
Top