ئایا گۆڕانی دەنگ لە ئافرەتی جگەرەكێشدا چاك دەبێتەوە؟

ئایا گۆڕانی دەنگ لە ئافرەتی جگەرەكێشدا چاك دەبێتەوە؟
ئایا دەزانیت كە گۆڕانی دەنگ لە ئافرەتی جگەرەكێشدا بەتایبەتی قەبەبوونی دەنگ پەیوەندی بە گۆڕان یان گرفتی هۆرمۆنییەوە نییە؟ جگەرەكێشان دەبێتە هۆی سووتانەوە و وشكبوونی شانەكانی قوڕگ بەتایبەتی ژێیەكانی دەنگ Vocal cords، لە ئەنجامدا لەرینەوەی دروست و فرمانیان تێكدەچێت. لە لایەكی ترەوە، جگەرەكێشان هاندەرە بۆ گەڕانەوەی ترشەلۆكی گەدە بۆ ناو سوورێنچك و قوڕگ كە زۆ جار كاریگەری نێگەتیڤ دەكاتە سەر ژێیەكانی دەنگ. هەروەها جگەرە فرمانی سییەكان كز دەكات، ئەمەش كاریگەری نێگەتیڤ دەكاتە سەر توانا و دروستیی لێشاوی هەوا بەناو ژێیەكانی دەنگدا. جگەرەكێشان هۆكارە بۆ هەوكردن و پەیدابوونی گرێ لەسەر ژێیەكانی دەنگدا كە لە تیژی و ناسكی دەنگی ئافرەت كەم دەكەنەوە، دەرنجام دەنگ زیاتر زبر و قەبە دەبێت، هەروەها ئاوسانی ئەو چینەی سەرەوە كە ژێیەكانی دەنگ دادەپۆشێت كاریگەری نێگەتیڤ دەكاتە سەر دەنگ. گەلێك سەچاوە ئاماژە بەوە دەكەن كە كاریگەری جگەرە لەسەر دەنگدا هەمیشەییە. پلەی گەرمی لە كۆتاییە هەڵبووەكەی جگەرەدا دەگاتە نزیكەی 233 پلەی سەدی، بە هەڵمژینی دوكەڵەكەی تا قووڵایی 17-20 سناتیمەتر لە قوڕدا كەمێك سارد دەبێتەوە، بەڵام هێشتا ئەوەندە گەرمە كە ببێتە ئەگەری سووتانەوەی ژێیەكانی دەنگ. جگە لەمە، قەتران و ماددەی خراپەكانی تری ناو دوكەڵی جگەرە هۆكارن بۆ ئاوسان و گرفت لە بەرگی ژێیەكانی دەنگدا، بۆیە بە بەردەوامبوونی ئەم كاریگەرییانە دەنگ دەگۆڕێت و لەوانەیە كە قوڕگ دوچاری شێرپەنجە بێت Glottic cancer. لە زۆربەی حاڵەتەكاندا، دەنگی ئافرەت بۆ هەمیشە دەگۆڕێت،چونكە كاریگەرییە بەردەوامەكەی جگەرەكێشان لەسەر دەنگی ئافرەتدا دەگەڕێتەوە بۆ تەسكبوونەوەی ژێیەكانی دەنگ كە هاوكاتە لەگەڵ هەناسەتەنگی بەردەوام و هەناسەكورتی Air shortage یان (بێن كورتی).
Top