زیادبوونی چەوریی جگەر

زیادبوونی چەوریی جگەر
رێژەی ئاسایی چەوری لە جگەردا دەگاتە 5-10%ی كێشی خودی جگەر. زیادبوونی رێژەی چەوری لە جگەردا Fatty liver disease بە نەخۆشی هەژمار دەكرێت، ئەمەش 2 جۆری هەیە: ئەلكهولی ALD و نائەلكهولی NAFLD.بری زۆری ئەلكهول لە ماوەیەكی كەمدا دەبێتە هۆی زیادبوونی رێژەی چەوریی جگەر، لێرەدا هۆكارە هاندەرەكانی تر بریتین لە: هەوكردنی ڤایرۆسی جگەر جۆری C، زیادبوونی رێژەی ئاسن لە لەشدا، قەڵەوی. زیادبوونی چەوریی جگەری نائەكهولی تا ئێستا هۆكاری راستەقینەی روون نییە، بەڵام مەیلێكیخێزانی هەیە، هۆكارە هاندەرەكانی تووشبوون بریتین لە: تەمەنی ناوەڕاست، زیادبوونی كێش و قەڵەوی، هەوكردنی ڤایرۆسی جگەر، زیانی لابەلای هەندێك دەرمان، دابەزاندنی خێرای كێشی لەش، بەدخۆراكی، زیادبوونی رێژەی بەكتریا و گۆڕانی تر لە ریخۆڵەدا، بەگشتی ئەم جۆرەی زیادبوونی چەوریی جگەر ئەگەری بەرزبوونەوەی ئاستی كۆلیستیرۆل و نەخۆشی شەكرە زیاد دەكات. زیادبوونی رێژەی چەوریی جگەر لەوانەیە كە بێ نیشانە بێت بەتایبەتی لە سەرەتای تووشبووندا، نیشانەكان پاش چەند ساڵێك ئینجا سەرهەڵدەدەن بە شێوەی: هەستكردن بە ماندووبوون، كەمبوونەوەی ئارەزووی خواردن و كەمبوونەوەی كێشی لەش، بێهێزی گشتی، هێڵنج، گرفت لە تەركیزدا، لەوانەیە كە قەبارەی جگەر گەورەتر بێت هاوكات لەگەڵ هەستكردن بە ئازار لە ناوەڕاست یان لە لای راست و سەرەوەی سكدا، لەوانەیە كە پێستی مل و بن كەوشەكان تاریك بێت یان پەڵەی رەش لە پێستدا پەیدابن.
Top