مەشقی وەرزشی قەرەبووی زۆر دانیشتن ناكاتەوە!

مەشقی وەرزشی قەرەبووی  زۆر دانیشتن ناكاتەوە!
كۆمەڵەی ئەمەریكی نەخۆشییەكانی دڵ جەخت لەوە دەكاتەوە كە بۆ پاراستنی تەندروستی بەگشتی و تەندروستیی دڵ بەتایبەتی، مەشقی وەرزشی بەس نییە، بەڵكو پێویستە كە كاتەكانی دانیشتن كەم بكرێنەوە. هەتا ئەگەر رۆژانە مەشقی وەرزشی ئەنجام بدەیت، زیاد دانیشتن هێشتا ئەگەری تووشبوونت بە نەخۆشی دڵ زیاد دەكات. گەلێك كەس هێشتا درك بەم مەترسییە ناكەن و كاتی زۆر بە دانیشتن لەسەر كورسی و كەرەوێت بەسەر دەبەن. ئەو كەسانەی كە رۆژانە 6-8 كاتژمێر بە دانیشتن بەسەردەبەن، ئەوا لەگەڵ بەتەمەنداچووندا ئەم ماوەیە زیاتر دەبێت بۆ 8.5- 9.5 كاتژمێر.دانیشتن وا نەبێت كە تەنیا ئەگەری نەخۆشی دڵ زیاد بكات، بەڵكو ئەگەری تووشبوون بە زیادبوونی بەرگری بەرانبەر بە ئینسولین Insulin resistance و نەخۆشی شەكرەش زیاد دەكات.بەگشتی ژیانی سەردەم هانی كەمیی جوولەی بەدەنی دەدات، بۆ نموونە گواستنەوە، كۆمپیوتەر، تەلەڤزیۆن..تاد، بۆیە پسپۆرانی تەندروستی جەخت لەوە دەكەنەوە كە بۆ خۆپاراستن لە نەخۆشییەكان كۆئەندامی دڵ و سووڕان، پێویستە كە زیاد بجوولێیت و كەمتر دابنیشیت. بۆ ئەم مەبەستە پەیڕەوی ئەم هەنگاوانە بكە: هەر نیو كاتژمێر جارێك بۆ ماوەی 2-3 خولەك لەسەر قاچەكانت بوەستە یان كەمێك بە پێ بجوولێ، بۆ ئەو كەسانەی كە ئیشی ئۆفیس دەكەن پێویستە كە بەلای كەم هەر 2 كاتژمێر جارێك بۆ ماوەی چەند خولەكێك هەڵسنە سەر پێ و باشترە ئەگەر جوولەیەك ئەنجام بدەن، لەكاتی دانیشتن بەرانبەر بە تەلەڤزیۆن یان كاركردن لەسەر كۆمپیوتەردا ناوە ناوە هەڵسە سەر قاچ و جولەیەك ئەنجام بدە، واباشترە كە لەكاتی قسەكردن بە مۆبایل لەسەر قاچەكان بوەستیت یان بجوولێیت،هەوڵ بدە كە رۆژانە و بەرە بەرە كاتەكانی دانیشتن بۆ 15-20 خولەك كەم بكەیتەوە تا دەگەیتە تەنیا 2-3 كاتژمێر دانیشتن لە ماوەی 12 كاتژمێری رۆژدا.
Top