ئایا لەگەڵ ساڵی نوێدا تەمەنت دەگاتە 40 ساڵ ؟ ئایا هەست بە پیربوون دەكەیت؟ زۆر كەس وای بۆ دەچن كە لەپاش گەشتن بە 40 ساڵی ئیتر ژیانی پیری دەستپێدەكات.؟ بەهەرحاڵ، گەلێك پیاو لەپاش تەمەنی 40 ساڵیدا دوچاری جۆرێك دڵتەنگی دەبنەوە، ئەمەش حاڵەتێكی باوە لە زۆربەی كۆمەڵگاكاندا. لە پیاواندا بە پێچەوانەی ئافرەتان كە لە پاش تەمەنی 55-45 ساڵیدا چالاكی زاوزێ لەدەست دەدەن لەبەر لەكاركەوتنی هێلكدانەكان و كەمبوونەوەی هۆڕمۆنی مێینە (ئیسترۆجین Estrogen) لەپاش ئەم تەمەنەدا هیچ گۆڕانێكی بنەڕەتی ڕوونادات و ڕێژەی هۆرمۆنی نێرینە واتە Testosterone كەم نابێتەوە لە لەشدا، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا گەلێكیان تووشی دڵتەنگی دەبن. هەست بە پیربوون هۆكاری سەرەكی ئەم دڵتەنگییەیە، لەو كاتەی كە قژی سپی دەبێت، كەرشی كەمێك گەورە دەبێت، هەروەها هەست دەكات كە توانا و هێزی بە قەد گەنجێك نەماوە و ناتوانێ ئیشێكی قوڕس ئەنجام بدات كە لەكاتی گەنجێتیدا بە ئاسانی ئەنجامی دەدا. جگە لەمانە، هەست بەوە دەكات كە زوو ماندوو دەبێت و هەست بەوە دەكات كە ژیان خەڵەتاندوویەتی و هەقی خۆی بە تەواوی نەداوەتێ لە جوولە و چالاكی و هەستی گەنجێتی و خۆشیدا، بۆیە چیتر باوەش بۆ خۆشی و چالاكی و جوولە ناكاتەوە، جار جاریش ترس و پەستی دایدەگرێت لەوەی كەزۆر دووركەوتۆتەوە لە خۆشەویستی ئافرەت، پاشان هەست بە جۆرێك نائارامی دەكات و بەزەیی بەخۆی دێتەوە، بیر لەوە دەكاتەوە كەواز لە فەرمانبەرێتی بێنێ و خۆی خانەنشین بكات. زۆرجاریش وای لێدێت كە پشت بە خەڵكانی ترەوە ببەستێت لەكاتی بڕیاردان یان بۆ ئەنجامدانی كارێك یان وەرگرتنی هەڵوێستێك. هەروەها، هەست بەوە دەكات كە توانای سێكسی كەم بۆتەوە هەرچەندە ئەم هزرە زیادەڕۆیی تێدایە، بەڵام وا بیردەكاتەوە كە ئەم توانایە لە لاوازبوونێكی بەردەوام دایە. دڵتەنگی پیاو هەر لە دێڕزەمانەوە هەبووە و بە شڵەژانی سۆز Emotion لە قەڵەم دراوە. زۆربەی ئەو پیاوانەی كە تەندروستیەكی باشیان هەیە تووشی ئەم جۆرە دڵتەنگییە دەبن، هەرچەندە كە زۆر هاوسەنگن لە ڕەفتار و مامەڵكردن لەگەڵ هەر ڕووداو و پێشهاتێكدا. هەندێ پیاو دەتوانن بەسەر ئەم دڵتەنگییەدا زاڵبن، بەڵام هەندێكی تر تادێت زیاتر كاریان تێدەكات، لەوانەشە كە دوچاری كارەساتێكی دەروونی گەورە ببنەوە و پێویستیان بە چارەسەرێكی دەروونی راستەقینە بێت.