سپیكردنەوەی كیمیایی پێست

سپیكردنەوەی كیمیایی پێست
سپیكردنەوە یان داتاشینی كیمیایی پێست Chemical peel واتە بەكارهێنانی ماددەیەكی كیمیایی راستەوخۆ بۆ پێست كە دەبێتە هۆی تاشینی چینی سەرەوە یان چینی ژێرەوەی پێست لە ماوەیەكی دیاریكراودا كە هەندێك جار هەر وەكو برینداركردن یان سووتاندنێكی دەستكرد وایە. بە پێی جۆر و چڕی ماددەی تاشینی پێست لە ماوەی 14-1 رۆژدا چەند بەشێكی پێست لێدەبنەوە و لەناودەچن، پاشان شانەی نوێی پێست گەشە دەكەن و جێگای بەشە داتاشراوەكان دەگرنەوە. گرنگترین ئەو حاڵەتانەی كە بە تاشینی كیمیایی پێست چارەسەردەكرێن بەتایبەتی بۆ پێستی دەموچاو بریتین لە: پەڵەی تاریكی پێست Cloasma، ئاسەوارەكانی زیپكە Scar، لۆچی وردی پێست، كاریگەرییە خراپەكانی تیشكی خۆر لەسەر پێستدا. هەر چەند سپیكردنەوەی كیمیایی پێست قوڵتر بێت هێندە ئەگەری روودانی ئاڵۆزییەكان زیاتر دەبن، بۆ نموونە سووربوونەوەی پێست، گۆڕان لە رەنگی پێستدا، ئاوسانی پێست، هەستەوەری بەرانبەر بەو ماددەی كیمیاییەی كە بۆ سپیكردنەوەی پێست بەكاردێت، ئازار، هەوكردن، پەیدابوونی ئاسەوار، زیادبوونی هەستییاری پێست بۆ تیشكی خۆر، هەروەها دواكەوتن لە چاكبوونەوەی پێست.
Top