زیاد فرمێسككردن

زیاد فرمێسككردن
تەڕێتی زۆر پێویستە بۆ چاوەكان، بە وشكبوونەوە خانەكانی چاو لەناودەچن. فرمێسك Tears سەرچاوەی سەرەكی و تاكە سەرچاوەی پاراستنی تەڕێتی چاوە، شەو و ڕۆژ دەڕژێتە سەر ڕووی چاوەكان. چەند فرمێسكە گلاندێك بە جۆگەی زۆر ورد و باریك چینێكی تەنكی فرمێسك بە ئەستووری 0.05ملم دەڕژێننە سەر چاوەكان، بەشی هەرە زۆری فرمێسك بەهۆی گەرمی دەوروبەر دەبێتە هەڵم، فرمێسكە گلاندەكان لەژێر كاریگەری دەزگای دەماری ئۆتۆنۆمیدان. هۆكارە فسیۆلۆژییەكانی زیادفرمێسككردن بریتین لە: تەزووی بای سارد، تیشكی گەرمی خۆر بەتایبەتی لە كەشی هاویندا، هەموو جۆرە دوكەڵێك، تۆز و خۆڵ، تەنی بیانی ئەگەر بكەوێتە چاوەكان، وردكردنی پیاز، زیاد پێكەنین، پژمین (هەندێك جار)، غەم و كاریگەری سۆز واتە گریان كە تا میكانیزمی تەواوی نەزانراوە. هۆكارە نەخۆشییەكانی زیادفرمێسككردن بریتین لە: هەوكردنی پێڵوەكان، هەوكردنی چینی كۆڕنیا Cornea، هەوكردنی ناوەوەی چاو، هەستەوەرە چاو، – تراكۆما Trachoma، گیرانی ڕێڕەوی فرمێسك لەبەر هەر نەخۆشییەك. پێوستە ئەوەش بزانین كە تەڕبوونی چاو و فرمێسككردن سەدان جار باشترە لە كەم فرمێسككردن و وشكبوونی چاوەكان.
Top