كەم نووستن و زیادبوونی كێش

كەم نووستن و زیادبوونی كێش
لە چەندین لێكۆڵینەوەیەكدا هاتووە كە پێوەندی لەنێوان كەم خەوتن و زیادبوونی كێشی لەشدا هەیە. نووستن كەمتر لە 4 كاتژمێر لەماوەی شەو و ڕۆژێكدا دەبێتە هۆی زیادبوونی كێشی لەش بە ڕێژەی 70%، هەروەها نووستن بۆ ماوەی 5 كاتژمێر ئەگەری زیادبوونی كێش بە ڕێژەی 50% زیاد دەكات، لە كاتێكدا ئەگەری زیادبوونی كێشی لەش دەگاتە 20% لەو كەسانەی كە كەمتر لە 6 كاتژمێر دەخەون. ئەگەرچی لەش بڕێكی كەمی كالۆری لەكاتی نووستندا دەسووتێنێت، بەڵام كەم خەوتنی درێژخایەن كاریگەری دەكاتە سەر چۆنییەتی مامەڵەكردنی مێشك لەگەڵ ئارەزووی خواردندا. كەم نووستن دەبێتە ئەگەری دابەزینی لێپتین Leptin، ئەو پرۆتینەی كە ئارەزووی خواردن دادەمركێنێت، بەمەشەوە كاریگەری دەكاتە سەر توانای مێشك بۆ دیاركردنی كاتی وازهێنان لە خواردن یان كاتی هەستكردن بە تێربوون. لە هەمان كاتیشدا، كەم نووستن دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی گرێهَلین Grehlin، ئەو هۆرمۆنەی كە وا لە مرۆڤ دەكات كە زیاتر بە ئارەزووی كراوە بەردەوام بێت لەسەر خواردن. جگە لەمانە، كەم نووستن كاریگەری دەكاتە سەر توانای هەر كەسێك بۆ بڕیاردانێكی تەواو سەبارەت بە جۆر و چەندێتی و چۆنییەتی خواردن كە زۆر جار خۆراكی ناتەندروستییانە دەخۆن بەتایبەتی لەكاتی هەستكردن بە هیلاكی و بێهێزی لە ئەنجامی كەم نووستندا، ئەمەش زۆر جار دەبێتە ئەگەری زیادبوونی كێش.
Top