هۆرمۆن لە گۆشتدا

هۆرمۆن لە گۆشتدا
بەم دواییە مەسەلەی بەكارهێنانی هۆرمۆنە دەستكردەكان Artificial hormones بە مەبەستی زیادبوونی بەرهەمی گۆشت و شیر گرنگی زۆری پێدەدرێت لە ڕووی كاریگەرییان لەسەر تەندروستی مرۆڤدا. ئەگەرچی ئێستا ئەو خۆراكانە لە بازاڕەكاندا هەن، بەڵام پاشماوەی هۆرمۆنەكان لە گۆشت و شیردا لەوانەیە كە بۆ تەندروستی و دەوروبەر زیانبەخش بن. لەو كاتەی كە دەرزی هۆرمۆنی گەشەی دەستكرد rBGH دەدرێتە چێڵەكان ڕێژەی بەرهەمهێنانی شیریان زیاد دەكات. بە گوێرەی گۆشتی چێڵ Beef، نزیكەی شەش جۆری هۆرمۆن بۆ چێڵەكان بەكاردێن كە بریتین لە: ئیسترادایۆل Oestradiol، پرۆجێستیرۆنProgesterone، تێستۆستیرۆنTestosterone، زیرانۆل Zeranol، ترینبۆلۆنTrenbolone، میلینجێستریل Melengestrol. پاش خواردنی گۆشتی چێڵ كە پاشماوەی ئەم هۆرمۆنانەی تێدایە لەوانەیە كە ببێتە ئەگەری تێكچوونی هاوسەنگی هۆمۆنەكان لە لەشدا كە ئەمەش كاریگەیی دەبێت لەسەر گەشە و زاوزێ و گۆڕان لە ڕیتمی دابەشبوونی خانەكان و هەتا پەیدابوونی شێرپەنجەی مەمك یان پرۆستات یان قۆڵۆن. كە باسی كاریگەرییە نێگەتیڤەكانی هۆرمۆنەكانی ناو گۆشت دەكرێت منداڵ و ئافرەتی دووگیان و كۆرپە لە بەرزترین ڕیسكدان. لە چەندین لێكۆڵینەوەدا هاتووە كە لەوانەیە باڵغبوونی پێشوەختی كچان بۆ كاریگەری ئەم هۆرمۆنانە بگەڕێتەوە، هەروەها لەوانەشە كە ئەگەری تووشبوونیان بە شێرپەنجەی مەمك زیاتر بكات.
Top