كەمی ڤیتامینەكان و بێهێزی گشتی

كەمی ڤیتامینەكان و بێهێزی گشتی
لەو كاتەی كە هەست بە هیلاكی و ماندووبوون دەكەیت، مەرج نییە كە دوچاری گرانەتا یان تای ماڵتا بووبیت، بەڵكو لەوانەیە كە كەمی ڤیتامینەكان هۆكاری یەكەم بێت. هەستكردن بە هیلاكی و ماندووبوون Fatigue، لەش داهزران، بێ تاقەتی، بێ وزەیی، هەموویان لە پزیشكیدا یەك مانایان هەیە. گەلێك هۆكاری تر هیلاكی پەیدا دەكەن، بەڵام كەمی ڤیتامینەكان هۆكارێكی زەق و باوە. ئێستا كەمی ڤیتامینەكان بە شێوەیەكی سەخت زۆر بە كەمی بەدی دەكرێت، بۆ نموونە ئەسكەربووت لەبەر كەمی ڤیتامین C یان بێری بێری Beriberi لەبەر كەمی ڤیتامین B1 و پێلاگرا Pellagra لەبەر كەمی ڤیتامین B3 و ئێسكەنەرمە لەبەر كەمی ڤیتامینD ..تاد، بەڵام كەمی ڤیتامینەكان بە جۆرێكی سووك خۆی نیشان دەدات بە شێوەی بێهێزی لەش و كەمبوونەوەی ئارەزووی خواردن یان قژهەڵوەرین. ماندووبوون Fatigue لەوانەیە لە باری ئاساییدا رووبدات لە ئەنجامی هیلاكیی بەدەنی یان لەبەر شەكەتی دەروونی (سترێس Stress، هەروەها كەمی خەو، یان بارگرانی كار و پیشە. هەندێك جاریش لەوانەیە كە نیشانەی گرفتێكی دەروونی یان نەخۆشییەكی جەستەیی بێت. ئەگەر ماندووبوونێك بە حەسانەوە و نووستن سووك نەبوو، ئەگەر بە دەوروبەرێكی ئارام و بێ سترێس سووك نەبوو، ئەوا لەوانەیە كە بە بەكارهێنانی كۆمەڵە ڤیتامین بۆ چەند رۆژێك و هاوسەنگكردن و جۆراوجۆركردنی خۆراك چاكبێتەوە.
Top