ئازاری شان و مل

ئازاری شان و مل
ئازار لە شان و ملدا حاڵەتێكی باوە لە گەنج و پیرەكاندا. مل لە 7 بڕبڕە پێكهاتووە، پەتكە دەمار بە ناویاندا گوزەر دەكات، لە نێوان بڕبڕەكاندا دیسكی كڕكڕاگەیی بەهێز هەیە و لە نزیكیاندا دەمارەكانی مل بەم لاو بەو لا بڵاودەبنەوە، هەروەها ماسولكەكان، خوێنبەر و خوێنهێنەرەكان، گلاندە لیمفاوییەكان، گلاندی دەرەقی، سوورێنچك، قوڕقوڕاگە، بۆڕیی هەوا كەوتوونەتە ناوچەی شان و مل. نەخۆشی لە هەر یەكێك لەم پێكهاتەدا دەبێتە ئەگەری ئازار، بۆ نموونە گرژبوونی ماسوڵكەكانی مل، زەبری دەرەكی، خزینی دیسكی نێوان بڕبڕەكانی مل، فشار لەسەر دەمارەكانی مل باوترین هۆكارن بۆ ئازاری شان و مل. لەوانەیە كە نیشانەی تریش لە ئەنجامی ئەم نەخۆشییانەی شان و مل سەرهەڵبدەن وەكو سڕبوون یان تەزینی لە ناوچەی مل و قۆڵ و باسكدا، گرفت لە قووتدانی خۆراك، سەرسووڕان، هەستكردن بە سووكبوونی سەر Lightheadedness. بۆ دەستنیشانكردنی ئازاری شان و مل، جگە لە پشكنینی كلینیكی لەلایەن دكتۆر، چەندین پشكنینی وێنەگرتن بە تیشكی ئێكس، سی تی سكان، سكانی ئێسك Bone scan، وێنەگرتنی رەنینی موگناتیسی MRI، پشكنینی فرمانی دەمارەكان NCV و نەخشەی كارەبایی ماسوڵكەكان Electromyography بۆ نەخۆش ئەنجام دەدرێن. جگە لە دۆزینەوە و چارەسەركردنی هۆكاری ئازاری شان و مل، پێویستە كە هەندێك هەنگاوی سادە لەلایەن نەخۆش پەیڕەو بكرێن وەكو: حەسانەوە، دانانی كەمادەی گەرم یان كەمادەی سارد یان كیسی بەفر، دانانی یاخەی پزیشكی نەرم Collar، هەروەها چارەسەری سروشتی بە شێوەی مەساج یان راكێشان Traction، دەرزی خۆجێیی كۆرتیزۆن، كرێمی سڕكەری خۆجێیی، دەرمانی خاوكەرەوەی ماسوڵكە، دەرمانی دژەئازار هەنگاوی پزیشكی ترن بۆ كەمكردنەوەی ئازار.
Top