هاوین و لووتپژان

هاوین و لووتپژان
لووتپژان Epistaxis لەوانەیە كە سادە یان سەخت بێت، گەلێك جار لووتپژان لەخۆیەوە روودەدات بەتایبەتی لەو كاتەی كە ناوپۆشە لینجەكانی دوچاری وشكبوون و قڵیشان دەبنەوە، بۆ نموونە لە كەشوهەوای وشكدا و لەو كاتانەی كە پلەی گەرمی و شێداری هەوا هەڵبەزین و دابەزینی زۆر بەخۆیەوە دەبینێت. هەروەها لەو كاتەی كە یەكێك لە كەشێكی زۆر سارددا لە دەرەوەی ماڵ دەگەڕێتەوە ناو ماڵێكی گەرم و وشك، ئەوا لووت دوچاری وشكبوون و گۆڕان دەبێت. هەندێك دەرمان كە لە هەندێك حاڵەتدا بە مەبەستی رێگرتن لە مەیینی خوێن بەكاردەهێنرێن وەكو ئەسپرین یان وارفارین Warfarin زۆر جار وەكو زیانی لابەلا دەبنە هۆی لووتپژان پاش زەبرێكی سادە یان لەكاتی دەستكاریكردن یان پاككردنەوەی لووتدا. ئەگەری لووتپژان زیاتر دەبێت لە مانگە ساردەكانی زستان كە هەوكردنەكانی بەشی سەرەوەی كۆئەندامی هەناسە زیاتر دەبن، بەمەشەوە زیاتر رووبەڕووی خوێنبەربوون دەبێتەوە. لووتپژان زۆر جار لە كەشی گەرم و كەم شێداردا، لەكاتی گۆڕانی وەرزەكانیشدا روودەدات. ئەو هۆكارانەی كە رێگە خۆش دەكەن بۆ لووتپژان بریتین لە: هەوكردن، دەستكاریكردنی لووت، هەستەوەری لووت، بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، زیاد خواردنەوەی ئەلكهول، نەخۆشی لە مەیینی خوێندا، گرێ یان زیدەگۆشت لە ناوپۆشی لووتدا.
Top