بەهای خۆراكی كاڵەك یان گندۆرەCantaloupe لەوەدایە كە سەرچاوەیەكی زۆر دەوڵەمەندە بۆ ڤیتامین A بە شێوەی بیتا كارۆتین Beta-carotene كە ناوی زانستیی ئەم ڤیتامینەیە لە رووەكدا. بیتا كارۆتین لە لەشدا سیفەتی دژەئۆكسانی هەیە و دەگۆڕێ بۆ ڤییتامین A. ئەمانە هەردووكیان گرنگی زۆریان هەیە بۆ تەندروستی چاوەكان. لە گەلێك لێكۆڵینەوەدا هاتووە كە خواردنی گندۆرە چونكە بڕێكی تەواوی لەم ڤیتامینە تێدایە، مرۆڤ لە ئاوی سپی چاو Cataract دەپارێزێت. ئەمە سەرەڕای ئەوەی كە بیتا كارۆتین مرۆڤ لە شێرپەنجە دەپارێزێت، چونكە سیفەتی دژەئۆكسانی هەیە. هەروەها گندۆرە بڕێكی باشی لە ڤیتامین C تێدایە كە ڤیتامینێكی دژەئۆكسانە و بەرگری لەش دژی نەخۆشییەكان بەتایبەتی هەوكردنەكان بەهێز دەكات. كاڵەك سەرچاوەیە بۆ پۆتاسیۆم، ریشاڵی رووەكی، ڤیتامین B6، فۆلێت، ڤیتامین B3 كە هەموویان گرنگن لە كرداری وەدەستهێنانی وزە لە خۆراكە كاربۆهیدراتییەكانەوە، هەروەها ریشاڵە رووەكییەكەش یارمەتی جێگیربوونی ئاستی شەكری خوێن دەدات. ئەو جگەرەكێشانەی كە ناتوانن واز لە جگەرە بێنن، باشترە كە رۆژانە بڕێك گندۆرە بخۆن لەبەر سوودەكانی بۆ كۆئەندامی هەناسە. ئەوەش لەبیر نەكەین كە زیاد خواردنی كاڵەك لەوانەیە كە ببێتە ئەگەری زیادبوونی كێشی لەش.