بەهای ریشاڵی خۆراكی

بەهای ریشاڵی خۆراكی
ریشاڵی خۆراكی Dietary fiber بەشێكە لە كاربۆهیدرات، تەنیا لە رووەكدا هەن، كۆئەندامی هەرس لە مرۆڤدا توانای هەرسكردن و هەڵمژینی ریشاڵی خۆراكی نییە. لەبەر ئەوەی كە ریشاڵ رێژەیەكی زۆری ئاو هەڵدەمژێت، قەبارەكەی گەورە دەبێت و وادەكات كە مرۆڤ پاش خواردنی ریشاڵ هەست بە تێربوون بكات، ئەمەش یارمەتی هەرسكردن و جوولەی خۆراك لە ریخۆڵەدا دەدات. بوونی ریشاڵ لە خۆراكدا رۆڵی هەیە بۆ خۆپاراستن لە گەلێك نەخۆشی وەكو: قەبزی، نەخۆشی شەكرە، نەخۆشی دڵ، بەرزبوونەوەی ئاستی كۆلیستیرۆلی خوێن. ریشاڵی خۆراكی دوو جۆری هەیە، جۆری تواوە Soluble و جۆری نەتواوە Insoluble، جۆری تواوە كە ئاو رادەكێشێت و لەناو ریخۆڵەدا وەكو جێل یان هەویری لێدێت، ئەمە كرداری هەرسكردن لەسەرەخۆ دەكاتەوە. گرنگترین سەرچاوەكانی ریشاڵی خۆراكی بریتین لە: تۆوەكان، نیسك، نۆك، باوی، گوێز، كازو، گەنم، جۆ، دانەوێڵە، سەوزە و میوەكان. خواردنی بڕی زۆری ریشاڵی خۆراكی لە ماوەیەكی كورتدا دەبێتە هۆی كۆبوونەوەی گاز لە ریخۆڵەدا لەگەڵ ئازار و بروسك لە سكدا، هەندێك جاریش سكچوون و كەمبوونەوەی هەڵمژینی كانزاكانی ئاسن و زینك و مەگنسیۆم و كالسیۆم، ئەم گرفتانەش بە بەرە بەرە كەمكردنەوەی ریشاڵ لە خۆراكدا كەم دەبنەوە. رۆژانە خواردنی 35-25 گرام ریشاڵی خۆراكی بۆ مرۆڤێكی پێگەیشتوو پێویست دەكات، بۆ منداڵان ئەگەرچی رێژەیەك دیار نەكراوە، بەڵام بە گشتی پێویستە كە خۆراكی منداڵان سەوزە و میوە و دانەوێڵە و پاقلەمەنییەكان لەخۆبگرێت.
Top