لۆچبوونی پێست لە 30 ساڵیدا دەستپێدەكات

لۆچبوونی پێست لە 30 ساڵیدا دەستپێدەكات
پێست بەهۆی دەزگای لاستیكیەوە كە لە شانەكانی پێستدایە بە توندی و خۆڕاگری دەمێنێتەوە بێ ئەوەی كە دوچاری لۆچبوون Wrinkling بێت لە پاش هەر جۆرە جوولاندنەوەیەكی پێست و كاریگەرییە كیمیایی و فیزیكیە دەرەكییەكان. لە گەنجەكاندا، دەزگای لاستیكی پێست زۆر چالاكە، بەڵام لە بەساڵاچووەكاندا كزە و پێستیش زیاتر خاو و سست دەبێتەوە لەبەر چەندین گۆڕان لە ریشاڵە لاستیكیەكانی پێستدا بەشێوەی پووكانەوە و لەدەستدانی توندییەكەیان. ئەم گۆڕانە زیاتر لە شوێنە دانەپۆشراوەكانی پێستدا روودەدات بە تایبەتی لە پێستی روو و دەستەكان. لۆچبوونی پێست لە ئەنجامی كاریگەری درێژخایەنی تیشكی خۆر لەسەر پێستدا دەبێتە ئەگەری تێكچوونی ئەندازەی تۆڕە شانەییەكانی پێست و لەدەستدانی سیفەتی لاستیكی ئەم ریشاڵانە. ئەم گۆڕانە لە ئافرەتدا پاش تەمەنی 30 ساڵیدا دەستپێدەكات، هەر چەندە كە ئافرەت گرنگی زۆریش بە پێستی خۆی بدات و چاودێرییەكی باشی بكات، ئەم لۆچبوونە لەگەڵ بەركەوتن بە تیشكی خۆر خێراتر و زیاتر بەرجەستە دەبێت لەبەر دروستبوونی ریشاڵی نائاسایی بە ژمارەیەكی زۆر كە پاش ماوەیەك تێكدەشكێن و لە شوێنی ریشاڵەكاندا بۆشایی جێ دەمێنێت، ئەم بۆشاییانە دەبنە بناغە بۆ هێڵەكانی لۆچبوون. ئەم ریشاڵانە پاش تێكچوونیان، هەرگیز وەكو پێشان چاك نابنەوە، پاشان پێستیش سست و خاوتر دەبێتەوە، تاكە چارەسەریش تەنیا نەشتەرگەری جوانكارییە بە شێوەی گورجكردنی روو Face lift.
Top