خۆراك بۆ كەمكردنەوەی ئازارەكانی عادە

خۆراك بۆ كەمكردنەوەی ئازارەكانی عادە
گەلێك ئافرەت دوچاری ئازارەكانی عادە Menstrual cramps دەبن بەر لە دەستپێكی عادە بە ماوەیەكی كورت یان لەگەڵ دەستپێك و بەدرێژایی رۆژەكانی عادە. ئازارەكان تیژن و لە بەشی خوارەوەی سكدا هەستیان پێدەكرێت، هەندێك جاریش ناوچەی پشت دەگرنەوە، ئافرەت بە تەواوی ناڕەحەت دەكەن و بۆ ماوەی 3-2 رۆژ بەردەوام دەبن. ئەوە سەلمێنراوە كە هەندێك جۆری خۆراك رۆڵیان هەیە لە سووككردنی ئازار و ناڕەحەتییەكانی پەیوەست بە رۆژەكانی عادە، بۆ نموونە دانەوێڵەی تەواو، سەوزەوات، میوە، ماسی، شیر و بەرهەمەكانی شیر بە مەرجێك كەم چەوری بن، ئەمانە لەگەڵ مەشقێكی وەرزشی رێك و بەردەوام. ئەناناسی تازە Pineapples یان شیرەی ئەناناس بڕێكی باشی لە ئەنزیمی برۆمیلەین Bromelain تێدایە كە رۆلی هەیە لە خاوكردنەوەی ماسوڵكەكانی منداڵدان، بەمەش گرژی یان ئازاری سووڕی مانگانە تا راددەیەكی باش كەم دەبێتەوە. برۆكۆلی Broccoli بە رێژە بەرزەكەی كانزای مەگنسیۆم گرژی ماسوڵكەكانی منداڵدان كەم دەكاتەوە، جگە لە برۆكۆلی سپێناغ و ماسی سالمۆن سەرچاوەی باشن بۆ كانزای مەگنسیۆم. هێلكە كە رێژەیەكی بەرزی ئۆمیگا3 لەخۆدەگرێت یارمەتیدەرە بۆ خاوكردنەوەی ماسوڵكەكانی منداڵدان، دەرەنجام دەبنە هۆی كەمكردنەوەی ئازارەكانی عادە، هەروەها گوێز و خاس و ماسی سالمۆن یان ماسی تونا یارمەتیدەرن بۆ ئەم مەبەستە. ماستی كەم چەوری كە دەوڵەمەندە بە كالسیۆم ئازارەكانی عادە كەم دەكاتەوە لە رێگەی پاراستنی تۆنی ماسوڵكەكان، هەروەها شیر و پەنیری شیدار Cheddar.
Top