ئەوە گومانی تێدا نییە كە ڤیتامینەكان بایەخی تەندروستی زۆریان هەیە، لەگەڵ ئەم بەرفراوانییەی زانیاری پەیوەست بە گرنگی ڤیتامینەكان، گەلێك كەس پێیانوایە كە هەر جۆرێكی خۆراك یان ماددەیەكی خۆراكی كە سوودبەخش بێت بۆ تەندروستی و بە بڕی بچووك پێویست بێت بەتایبەتی ڤیتامین و كانزاكان، ئەوا بڕی زیاتر سوودی زیاتر بە تەندروستی دەگەیەنێت! بێگومان ئەو بۆچوونەیان هەڵەیە. دەبێ ئەوە هەرگیز لەیاد نەكەین كە بڕی زیادی هەر مادەیەكی خۆراكی لە هەر بارودۆخێكدا لەوانەیە زیانبەخش بێت، ئەمەش ئەو وتەیەمان دێنێتەوە یاد كە دەڵێ بڕی زیاد لەوانەیە زیانبەخش بێت “excess can be harmful” بەتایبەتی یارمەتیدەری خۆراكی Nutrient Supplements كە زیاتر ڤیتامینەكان و كانزاكان دەگرێتەوە. گەلێك لەو یارمەتیدەرە خۆراكییانە ئەو ڤیتامینانە لەخۆدەگرن كە لە چەوریدا دەتوێنەوە و سیفەتی دژەئۆكسانیان هەیە وەكو بیتا كارۆتین و ڤیتامین A، ڤیتامین E. زیادبوونی ئەو ڤیتامینانەی كە لە چەوریدا دەتوێنەوە لە لەشی مرۆڤدا گرفتی تەندروستی پەیدا دەكات بەتایبەتی ڤیتامین A. ئەو راستییە بە تەواوی سەلمێنراوە كە لەشی مرۆڤ باشتر سوود لە ڤیتامینەكان وەردەگرێت كە لە رێگەی خۆراكەوە وەردەگیرێن نەك بە شێوەی دەنك یان كەپسول. بەكارهێنانی ڤیتامینەكان بە دەرمان تەنیا لەلایەن دكتۆرەوە تەرخان دەكرێت بۆ هەندێك حاڵەت و نەخۆشی.