هۆڕمۆنەكان Hormones ماددەی كیمیایی ئاڵۆزن، بزوێنەر و ڕێكخەری بەشی هەرە زۆری فرمان و زیندەكارەكانی لەشن. هۆڕمۆنەكان پێوەندی ورد و ئاڵۆز و هاوسەنگییان لەگەڵ یەكتردا هەیە، تێكچوونی هاوسەنگی نێوان هۆرمۆنەكان لەبەر هەر هۆیەك بێت كێشەی تەندروستی پەیدا دەكات. هۆڕمۆن لە گلاند یان ڕژێنەوە دەردەدرێت، بەشی هەرە زۆری گلاندەكان ڕاستەوخۆ هۆڕمۆن دەردەدەنە ناو خوێن، لەبەر ئەوەی كە جۆگەیان نییە پێیان دەووترێ گلاندە كوێرەكان Endocrines. هەر گلاندێك لە لەشدا تایبەتمەندە بە دەردانی هۆڕمۆنێك یان پتر. ڕێژەی دەردانی هۆڕمۆنەكان كەم و زیاد دەكات بەپێی تەمەن و گەشە و هاندانی دەمارەكان و میكانیزمی تری لەش. هۆڕمۆن لەوانەیە كە لە ماددەی پڕۆتین و ترشە ئەمینییەكان پێكهاتبێ وەكو هۆرمۆنی تایرۆكسن و ئینسولین و هۆڕمۆنی گەشە كە لە 191ترشە ئەمین پێكهاتووە، هۆرمۆنی تریش هەیە كە لە ماددەی چەوری پێكهاتووە وەكو هۆرمۆنە ستیرۆیدەكان بۆ نموونە كۆرتیزۆنەكان، ئەندرۆستیرۆنەكان، تێستۆستیرۆن و ئیسترۆجین. كەم دەردان یان زیاد دەردانی هەر هۆڕمۆنێك لە هەر گلاندێك دەبێتە هۆی كێشەیەكی تەندروستی، بۆ نموونە كەم دەردانی هۆڕمۆنی گەشە لە گلاندی پتیۆتەری ژێر مێشكەوە دەبێتە هۆی باڵاكورتی، زیاد دەردانی هۆڕمۆنی تایرۆكسین لە گلاندی دەرەقیدا دەبێتە هۆی ژاراوی بوونی ئەم گلاندە Thyrotoxicosis كە نیشانەی تایبەتی هەیە، هەروەها كەم دەردانی هۆڕمۆنی ئینسولین لە بەشێكی پەنكریاسدا دەبێتە هۆی نەخۆشی شەكرە. چارەسەركردنی كەموكوڕی یان ناهاوسەنگی هۆڕمۆنەكان واتە چارەسەركردن بە هۆڕمۆن مەسەلەیەكی زۆر ورد و ئاڵۆزە بۆیە پێویستە كە تەنیا لەژێر چاودێری دكتۆردا ئەنجام بدرێت.