خۆراكی خاو مەخۆ

خۆراكی خاو مەخۆ
هەندێك خۆراك هەیە كە هەرگیز نابێ بەخاوی Raw بخورێن وەكو: پاقلەمەنییە وشككراوەكان Dried beans، دانەوێڵە Grains، هێلكە. بەروبوومە پاقلەمەنییە وشكەكان بەخاوی ماددەیەكیان تێدایە بەناوی phytohemagglutinin كە بە بڕی زیاد ژەهراوییە بۆ مرۆڤ، بە تایبەتی فاسولیای سوور. رێژەی ئەم ماددەیە لە فاسولیای سووری خاو دەگاتە 20،000 – 70،000 یەكە، كەچی پاش كوڵاندن ئەم رێژەیەی كەم دەبێتەوە بۆ 400-200 یەكە. هەروەها فاسولیای سپی، پاقلە، پاقلەی سۆیاش رێژەیەكی كەمی ئەم ماددەیە لەخۆدەگرن. ترشی فایتیك Phytic acid بەشێوەیەكی سروشتی لە دانەوێڵەی خاودا هەیە و دەبێتە ئەگەری كەمبوونەوەی رێژەی كانزای ئاسن و كانزای زینك(تۆتیا)، بە كوڵاندنی دانەوێڵە رێژەی ترشی فایتیك تا پتر لە 50% دادەبەزێت. گەلێك ماددە لە هێلكەی خاودا دەبنە هۆی كەمبوونەوەی بەهای خۆراكی هێلكە، بۆ نموونە پرۆتینی كۆنالبومین . Conalbumin لەگەڵ كانزای ئاسندا یەكدەگرێت و لەش ناتوانێت سوودی لێ وەربگرێت، پرۆتینی ئەڤیدین Avidin لەگەڵ بایۆتیندا Biotin كە سەر بە كۆمەڵەی ڤیتامین B یـە یەكدەگرێت و رێگە لە هەڵمژینی دەگرێت لە كۆئەندامی هەرسدا، بە كوڵاندن یان برژاندنێكی باشی هێلكە ئەم پرۆتینانە دەگۆڕێن و ئەم زیانانەیان نامێنێت. هەروەها بە كوڵاندن یان برژاندنی هێلكە، سەلامەتی تەندروستی زیاتر مسۆگەر دەبێت.
Top