بەهای خۆراكی ماش

بەهای خۆراكی ماش
ماش Mung beans سەرەتا لە هیند هەزارەها ساڵ لەمەوبەر بۆ خواردن بەكارهاتووە. رەنگی ماش بە گشتی لە دەرەوە سەوزێكی تاریك و لە ناوەوە زەردێكی تاریكە. ماش بە نەرمییەكە و چێژە شیرینەكەیەوە سوودی تەندروستی هەیە و بە ئاسانیش هەرس دەكرێت. ماش، كۆلیستیرۆل و چەورییە تێرەكانی تێدانییە، هەروەها بڕێكی كەمی خوێ لەخۆدەگرێت، لەگەڵ ئەوەشدا بڕێكی باشی وزە لەخۆدەگریت، بۆ نموونە هەر 100گرام ماش نزیكەی 350 كالۆری وزە بە لەش دەدات، هەروەها 1 گرام چەوری و 63 گرام نیشاستە و 7 گرام شەكر و 24 گرام پرۆتین و 16 گرام ریشاڵی تێدایە. جگە لەمانە، ماش رێژەیەكی باش لە ڤیتامینەكانی تێدایە وەكو: ڤیتامین C، K، B1، B2، B3، B5، B6، B9 (فۆلێت)، هەروەها كانزاكان كۆپەر، مەگنسیۆم، مەنگەنیز، ئاسن، پۆتاسیۆم، زینك، سیلینیۆم، فۆسفۆر كە هەموویان بایەخی تەندروستی زۆریان هەیە. خواردنی ماش سوودی هەیە بۆ كەمكردنەوەی گاز و گەلێك گرفتی تر لە كۆئەندامی هەرسكردندا، هەروەها بۆ خۆپاراستن لە چەندین جۆری شێرپەنجە. ماش، یارمەتی دروستبوونی خڕۆكە سوورەكانی خوێن دەدات لەناو مۆخی ئێسكەكاندا، دڵ لە نەخۆشی دەپارێزێت، هاریكاری گەشەی ئاسایی خانەكان و میتابۆلیزمی ماددە پرۆتینییەكان دەدات، فرمانی خانەكانی كۆئەندامی دەمار رێكدەخات، كرداری پەیداكردنی وزە لە خۆراكە كاربۆهیدراتییەكان ئاسان دەكات.
Top