پرۆتین Protein پێكهێنەری سەرەكی ماسوولكە و ئەندامەكان و گلاندەكانە، هەموو خانەیەكی زیندوو پرۆتینی تێدایە، هەموو شلەیەكی لەش جگە لە زەرداو و میز، پرۆتینیان تێدایە. لەگەڵ بەتەمەنداچووندا، پێویستی لەش بە هەندێك جۆری خۆراك گۆڕانكاری بەسەردا دێت، پێویستی بە هەندێكیان زیاد دەكات و پێویستی بە هەندێكیشیان كەم دەكات. بە پێچەوانەی خۆراكە چەورییەكان و خۆراكە كاربۆهیدراتییەكان بە تایبەتی شەكرەكان كە لەش دەتوانێت بە شێوەی بەز و گلایكۆجین خەزنیان بكات، لەش ناتوانێت پرۆتینی پێویست ئەگەر لە خۆراكەوە پێی نەگات بۆ خۆی دابین بكات مەگەر لەسەر حیسابی شانە ماسوڵكەییەكاندا بێت. لێرەدا تێبینی ئەوە دەكەین كە ئەگەر پێویستی رۆژانە لە پرۆتین نەگاتە لەش، ماسوڵكەكان دەپووكێنەوە. پیرەكان وەكو گەنجەكان، رۆژانە پێویستیان بە 1.25گرام پرۆتین بۆ هەر كیلۆگرامێك كێشی لەش هەیە بە مەرجێك تەندروستییەكەی تا راددەیەك جێگیر بێت و هیچ نەخۆشییەكی نەبێت. پرۆتین لە خۆراكی ئاژەڵی و خۆراكی رووەكیشدا هەیە، بۆ نموونە 100 گرام ماسی یان مریشك یان گۆشتی سوور نزیكەی 20 گرام پرۆتین دابین دەكات، 250 گرام نیسك یان 250 گرام نانی سپی یان 300 گرام فاسولیای سپی نزیكەی 20 گرام پرۆتین دابین دەكات.