هاوین و ژاراویبوون بە خۆراك

هاوین و ژاراویبوون بە خۆراك
حاڵەتەكانی ژاراویبوون بە خۆراك Food poisoning لە مانگەكانی هاویندا زیاد دەبن لەو كاتەی كە بەكتریا لە كەشی گەرمدا خێراتر گەشە دەكات، هەروەها گەشت و گوزاریش لەم وەرزەدا زیاتر دەبێت، بۆیە پاراستنی پاكوخاوێنی خۆراك و سەلامەتی هەڵگرتن و گواستنەوەی خۆراك رۆڵی هەیە بۆ خۆپاراستن لە ژاراویبوون بە خۆراك. ئەگەر خواردن و خواردنەوە بە رێكی ئامادە نەكرێت و هەڵنەگیرێت لەوانەیە كە بە چەندین جۆری بەكتریا ئاڵودە بن و پاش خواردن یان خواردنەوەیان دوچاری ژاراویبوونت بكەن، بۆ نموونە بەكتریای ئی كۆلایE.coli ، ستافیلۆكۆكەسStaphylococcus، سلمۆنێللا Salmonella، كۆلێرا، لیستیریا Listeria، شیگێللا Shigella، كامپیلۆبەكتیر Campylobacter، بۆتیولنەم Botulinum. ساڵانە ملیۆنەها حاڵەتی ژاراویبوون بە خۆراك لە جیهاندا تۆمار دەكرێن. نیشانەكانی ژاراویبوون بە خۆراك بریتین لە: سك ئێشە، سكچوون، بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش، هێڵنج، رشانەوە، سەرئێشە، هەستكردن بە هیلاكی و بێ هێزی لەش، وشكبوونەوە بە رێژەی جیاواز بە پێی سەختی حاڵەتەكە. بۆ خۆپاراستن: دەستەكانت بە باشی بشۆ بەر لە ئامادەكردنی خۆراك و پێش دانانی لەسەر مێز و پێش خواردن، گۆشت و پەڵەوڕی خاو بە دوور بگرە لە خۆراكەكانی تر كە ئامادەن بۆ خواردن، چەقۆ و تەختەقیمەی پاك بەكاربێنە بۆ وردكردن و بڕینی گۆشت یان پەلەوڕ و هەمان چەقۆ بێ شووشتن بۆ میوە و سەوزە بەكارمەهێنە، سەوزە و میوە بە جوانی بشۆ پێش خواردن، خۆراك پاش ساردبوونەوە لە سەلاجەدا هەڵگرە كە پلەی گەرمی نزمتر بێت لە 4 پلەی سەدی.
Top