ئەمڕۆژی ساڵی تازەیە نەورۆزە هاتەوە

ئەمڕۆژی ساڵی تازەیە نەورۆزە هاتەوە
دیمەنێكی چەندە جوانە، گەورە و بچووك، پیر و منداڵ، كچ و كوڕ، ساڵێكە لە چاوەڕوانی ئەو رۆژە خۆشەن، رۆژێكی تیایدا زۆربەی خەڵك بە جلی كوردی و پۆشاكی جوانەوە خۆیان دەڕازنێننەوە، تەنانەت رۆژێك لە پێش ئەو رۆژە، بە هێمای ئاگر كە هێمایەكی سەركەوتن و مێژوویەكی جوانی كوردە لەو كاتەی كاوەی ئاسنگەر بەسەر گەورە خوێن مژی كورد زوحاك سەركەوت و بەمەش مژدەی سەركەوتنی بە مەشخەڵی ئاگر لەسەر شاخ و چیاكاندا بۆ كەسانی دیكە گەیاند، كە چەندین ساڵ لەمەوبەر ئەو هێمایە مانای سەركەوتن و خۆشی دەدات، ئەو بۆنەیەش لەگەڵ سەرەتای ساڵی كوردی دەردەكەوێ، ئەویش جەژنی (نەورۆز)ە، لەو رۆژەدا دەشت و دۆڵەكان سەوز دەبنەوە و بەرگێكی جوان دەپۆشن، لە گشت شارەكانی كوردستان یادی ئەو رۆژە دەكرێتەوە، هەر لە زاخۆ تاوەكو خانەقین، تەنانەت بە یاد و فیستیڤاڵی جوان و نمایشی رازاوە، سەرتاپای شارەكان دەڕازرێنرێنەوە و هەر یەكە لە شارە گەورەكان وەك : هەولێر و سلێمانی و كەركوك و دهۆك، ئەو یادە بە گرنگییەكی زۆرەوە دەنرخێنن، لەو رۆژەوە سەیران و گەشتەكان دەست پێدەكەن، هەر یەكە لەگەڵ كەس و كار و ناسیاو و خزمانی خۆیەوە، بەرەو دەشت و سەیرانگا و شوێنە گەشتیارەكانی كوردستان رێگە دەگرن، بە چەندین خواردنی خۆش و چەپڵە رێزان ئەو یادە بەرز دەنرخێنن، كەواتە با ئەوساڵیش نەورۆزمان سەركەوتن بێ بۆ هەمووان و سەربەخۆیی و گەورەیی بۆ كوردستانیش گەشاوەتر بكات.
Top