سمۆرە جوانەكانی كوردستان

سمۆرە جوانەكانی كوردستان
گیانلەبەرێكی شیردەر و چوست و چالاكە خێرایە لە جووڵەكردن و كلكێكی جوان و دوو چاوی گەورەی رەشی هەیە، گوێچەكەكانی خڕە و خنجیلانەیە، و خۆی لە كونی داردا دەژی و گەورە دەبێت، خواردنیشی گوێز و بەڕووە، بە زۆری لە كوێستانەكاندا لە هەورامان و شارەزوور و ناوچەكانی، هەروەها چیا بەرزەكانیش وەكو سەرگەڵوو و بەرگەڵوو، زۆرە. سمۆرە دیمەنێكی جوان و خنجیلانەی هەیە و یاری خۆش دەكات، لە هەمووی سەیرتر ئەوەیە كاتێك گوڵەبەرۆژە دەخوات یان ئەو خواردنانەی كە توێكڵی هەیە، سمۆرە بە دەستەكانی وردی دەكات وەك ئەوەی مرۆڤ بێت، دواتریش ناوەكەی دەردەهێنێت و دەیخوات، چەندین جۆرە سمۆرە هەن : لەوانە (سمۆرەی سپی- سمۆرەی باڵندەیی-سمۆرەی سەر زەوی كە كلكی كورتە – سمۆرەی زێڕین، واتە رەنگی وەك زێڕ وایە، شوێنی نیشتەجێ سمۆرە لەناو كونی دارە، كە لە ناوەوەی دار هێلانەیەكی خۆش دروستی دەكات و زیاتریش لە ناوەڕاستی دارەكە دروستی دەكات تاوەكو گیانداری دیكە نزیكی خۆی و بێچووەكانی نەكەون، لە زستاندا سمۆرە هێلانەیەكی گەرم دروست دەكات و لە هاوینیشدا لانەی فێنكی دەبێت كە لە گەڵای دار دروستی دەكات، درێژی سمۆرە نێوان (8 تا 85) سەنتیمەتر دەبێ هەروەها كێشی نێوان (130تا 480) گرام دەبێ و تەمەنیشی دەگاتە نێوان (2 تا 6) ساڵ، دەنگی سمۆرە بەهێزە و وەك قیژە وایە، كەڵپەی سمۆرە لە جوانی دوو ددانەكەیەتی و كە لەناو دەمی هەردەم دیارە، ئەمەش وادەكات كە جوان و خۆشەویست بێت، ئەوانەی شارەزایان لە سمۆرە هەیە دەڵێن : سمۆرە گیاندارێكە كە بەهۆی ئەوەوە داری گوێز و یان بەرهەمەكانی دیكە دەڕوێت یان خۆڕسك دەبێت، لەو كاتەی سمۆرە گوێز هەڵدەگرێت لە شوێنێك تاوەكو زستان بیخوات، بەڵام دواتر بیری دەچێت لە كوێی داناوە، بەهۆی ئەوەی شوێنی هەڵگرتنی گوێزەكە گەرمە ئەمەش وادەكات كە گوێزەكە خۆڕسك بكات و ببێتەوە دارێكی دیكە.
Top