بنێشتی كوردی!

بنێشتی كوردی!
زۆر شت لە كوردەواریدا جێگەی بایەخ و خۆشی زۆربەی خەڵكی خۆمانن، تەنانەت لە دەرەوەش داواكاری لەسەرە، هاوڕێیەكی كچم لە دەرەوە دەژێت، ماوەیەكە هاتۆتەوە بە سەردان، تەنیا بۆ كڕینی بنێشتی كوردی، لەگەڵ ئەوەی بڕێكی زۆری كڕیبوو، كەچی لەناو فڕۆكەخانەی وڵاتەكەی رێگەیان نەدابوو بیهێنێتە خوارەوە، تا دوای ئەوەی پشكنینی بۆ كرا و ئینجا رێگەیان دا، لە ڕاستیدا 700 ساڵ زیاترە ئەو بنێشتە هەیە، بنێشتی كوردی بە تامەو تا ئێستاش كچان و ئافرەتان و تەنانەت بەشێك لە پیاوانیش دەیجوون، دروست كردنی بنێشی كوردی زیاتر لە وەرزی پاییزان دەبێ و كە بە كاتی بنێشت ناسراوە، بنێشت دروستكارن، دەچن لە چیایەكاندا لە دوای دارێك دەگەڕێن پێیدەڵێن (دارەبەن)، كە ئەو دارە بە رێژەیەكی زۆر هەیە لە كوردستان زیاتریش لە ناوچەی هەورامان و چۆمان و باڵەكایەتی و سیدەكان و قەندیل، دارەكە وەك پاوەنی گوندە و ئەوەی بیەوێ كاری لەسەر بكات دەبێ بیكڕێت، دوای ئەوەی دەچنە لای دارەكە و لایەكی دارەكە بریندار دەكەن و نیشانی دەكەن، قوڕ دەهێنن و پاكی دەكەنەوە و كە قوڕێكی تایبەتە لە خۆڵی چیاكاندا هەیە رەنگی خەنەییە و دەپاڵوێرێت تاوەكو پاك دەبێتەوە، ئەو قوڕە وەك شێوەی جامی لێدەكرێت لە ژێر ئەو شوێنە دادەنرێت كە بریندار كراوە و بەمەش شیلاوەكە دەچێتە ناو قوڕەكە، ئەو بنێشتە پێیدەڵێن بنێشتە تاڵە، پاشان كۆ دەكرێتەوە و ئینجا خۆشەی دەكەن، خۆشە واتە كوڵاندن لەناو ئاوی گەرم، پاشان گەرمە و سارد دەبێتەوە و دوای چەندین رۆژ، لەلای هەندێك ناوچە، شەمێی هەنگی تێدەكرێت و بۆ ئەوەی زۆر جیڕ نەبێت و تامی خۆشتر دەبێت و بۆ دەم و ددان باشە و پاكی دەكاتەوە.
Top