كووپــــــەی ئاو

كووپــــــەی ئاو
پیشە و دەست ڕەنگینی كاری گڵكاری مێژوویەكی دوور و درێژی هەیە لە شارستانیەتی مرۆڤ، مرۆڤ هەر لەسەرەتا زووەكان و لە پێش زایینەوە پیشەی قوڕكاری و گڵكاری كردووە سەرەتای گڵكاریش دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی سۆمەرییەكان هەر لە زووەوەش كورد و وەستایانی كورد ئەو كارەیان كردووە، كە لە قوڕ زۆر شتی جوان دروست دەكەن بۆ ماڵ و بۆ شوێنە گشتییەكان، یەكێك لە بەرهەمەكانی گڵكاری كووپەیە.
كووپە، كەرەستەیەكە شێوەیەكی هێلكەیی جوانی هەیە لەسەر راگرێك دادەنرێت، دوای ئامادەكردنی قوڕی خاوێن و دروست كردنی ئەو شێوەیەی كە دەویسترێت پاشان سووردەكرێتەوە باوترین شێوەشی وەك لەوێنەكەدایە شێوەی هێلكەیی گۆییە، دوای پەرەسەندنیشی،نەخش و نیگاریشیان لەسەر دەنەخشاند.
كووپە باوترین رێگەی ئاوساردكردنەوە بووە لە كۆندا چونكە هیچ رێگایەك یان ئامێرێك نەبووە بۆ ئەو مەبەستە ئەو ئاوەی لە كووپەكە دەهاتە خوارەوە ئاوێكی پاڵاوترا بوو واتە ئاوێكی تەندروست و پاك و سارد لە جیاتی ئاوی كانزایی ئێستا چونكە لە بەشی خوارەوەی كونێكی بچووكیان بە جێدەهڵێت كە ئاوەكەی پێدا دەڕۆیشت و دەیپاڵاوت، ئاوی كووپە زۆر بەتام و خۆشە، لە هاوینان ئاوێكی خۆش و سافت پێدەدات و هەروەها لە زستانانیش بۆ كاری دیكە بەكاردەهێنرا.
Top