سەرسنگ سەرنجڕاكێشترین هاوینەهەواری كوردستان

سەرسنگ سەرنجڕاكێشترین هاوینەهەواری كوردستان
كاتێك سەردانی شاری دهۆك دەكەین، چەندین شوێنی گەشتیاری و خۆش بەرچاوت دەكەوێ، لەوانە كاتێك (سوارەتووكە)جێ دەهێڵی لەوێوە ڕێگەیەك دەڕوات بەرەو ڕۆژهەڵات، دوای چەند كیلۆمەترێك دەگەیتە بامڕنێ، پاشان دەگەیە سەكەڕێن كە بەترێ بەناوبانگە، لەدوای چەند ڕۆیشتنێك دەگەیتە سەرسنگ، كە شوێنێكی گەشتیاری وەك شارێكی بچووكە لەدهۆك، كە ناوەكەی لەوەوە هاتووە كە دەكەوێتە سەرەوەی كێوی چیای گارا، بۆیە ناوی نراوە سەرسنگ، یان زیاتر بەمانای كەوتنی پێگەی جوگرافی لەسەر سینگی چیای گارا. شارۆچكەیەكی جوان و خنجیلانەیە، شوێنێكە بۆ گەشت و سەیران، كە بەناوچەی سەوز و ئاوێكی پاكەوە بەناوبانگە، كەش و هەوای ئەو شوێنە ناوەندیە و زۆر جاریش بەفری لێدەبارێ، پلەی ساردی و گەرمی نێوان (17تا 38) دەبێ، بەرزی هاوینەهەواری سەرسنگ دەگاتە (1046)مەتر لەسەر ئاستی دەریا، دەكەوێتە سەر ڕێگای نێوان شاری دهۆك و ئامێدی، كە شوێنێكی هێمن و كەشوهەوایەكی خۆشی هەیە، تا ئێستا بەسەرنجڕاكێشترین شوێنە گەشتیاریەكانی كوردستان دادەنرێ، لەو شارۆچكەیەدا زۆر شەڕ و پێكدادانی بینیوە لەسەردەمی دژایەتی كردنی ڕژێمی پێشووی عێراق و تەنانەت شوێنێك بووە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێزی ڕژێمی پێشوو، بەڵام چەندین ساڵ، توانرا لەو شارۆچكە گەشتیاریە چەندین ئوتێل و میوانخانە و جێگەی گەشت و سەیران دروست بكرێ و ئەمە جگە لەوەی كە خۆی دیمەنێكی سرووشتی جوانی هەیە.
Top