كراس و كەوێ

كراس و كەوێ
وتەیەكی كۆن و جوان هەیە لەسەر كراس و كەوێ، كە دەڵێ: كراس و كەوێ مێردی دەوێ! ئەو وتەیە لەوە هاتووە كە جلی كوردی لەشێوەی كراس و كەوێ، بەهایەكی تایبەتی خۆی هەبووە، ئەوانەی پۆشیویانە، وەك خانمێكی پێگەیشتوو و تێگەیشتوو دەناسران، ئەو جۆرە مۆدەیە كە بەمۆدەی كلاسیك ناسراوە و تەنانەت شێوە و دیمەنێكی گران و قوڕسی هەیە، بۆیە دەكرێ خانمان وەك شازادەیەك بیپۆشن. جۆرەكانی كراسی كوردی زۆرن، لەوانە: كراس و كەوێ- كراس و سەڵتە – كراس و ئێلەگ، هەر یەكە لەوانە دیمەنێكی شایستە و جوانی هەیە. ستایلی كراس و كەوێ، پێكدێت: لەدوو بەشی سەرەكی، ئەوەی یەكەم بریتییە لەكراس، كە لەژێرەوە دەپۆشرێ و هەموو جەستە دادپۆشێت، هەروەها بەشی دووەمیش ئەو كەوێیەیە كە لەسەرەوەی كراسەكەوە دەپۆشرێ، زیاتر كەوێ بەسەر كراسەكە دەردەكەوێ، بەهۆی ئەوەی بەسەر كراسەكەوە دەپۆشرێ. كەوێ دیمەنێكی قورس و گرانی هەیە، كە خانمان كاتێك دەیپۆشن، دەبن بەیەكێكی گەورە یان گەورەیی بەو كەسە دەدات، ئەگەر چی ئێستا ستایلی كراس و سەڵتە باوی هەیە، بەڵام كراس و كەوێش یەكێكە لە مۆدە جوانەكانی جلی كوردی، بۆ ئەوەی كەوێ بەجوانی بوەستێ و جوانییەكی تایبەتی هەبێ، چاكترە لەقوماشی قەدیفە دروست بكرێ، هەروەها پێوانەی تەواو بێ لەسەر جەستەی ئەو خانمەی دەیپۆشێت.
Top