تورشیات لەلای هەمووان سەنگ وچێژی خۆی هەیە..

تورشیات لەلای هەمووان سەنگ وچێژی خۆی هەیە..
كاتێك دەخرێتە سەر سفرەكانی نان خواردن، بەر لەوەی تامێكی بكەی، هەر بە سەیركردنی دەمت پڕ ئاو دەبێ و دڵت بۆی دەچێ، ئەوەی باسی دەكەین بریتییە لە (تورشی)، كە یەكێكە لەو خواردنە خۆشانەی خۆشەویستە لای گشت كەسێك و تەنانەت سەرەڕای ئەوەی ناوی تورشییە، كەچی خواردنێكی خۆشەویست و شیرینە، لەلایەن وەستای كارگەی تورشی سیروان لەسەر تورشی ئەو چەند زانیارییەی پێبەخشیم: دوای ئەوەی كەرەستەكانی وەك سەوزە و میوە ئامادە دەكرێ و دواتر لەناو (خوێ) دادەنرێ، ئەمەش بۆ ماوەی نێوان ساڵێك تا دوو ساڵ، تاوەكو ئەو كاتەی ئامادە دەبێ و بۆن و تامەكەی ترش دەبێ، لە ساڵانی سی و چلەكاندا تورشی لە كوردستان و هەولێر هەبووە و چەندین كەسایەتی بەناوبانگ هەن كە كارگەی تورشیان داناوە، ئەو كەرەستانەی تورشی لێدروست دەكەن بریتین لە: خەیار، تەرۆزی، سێوی ژێر زەوی، كەلەرم و بیبەری شیرین و تیژ، پەتاتە، زەیتوون، كەرەوەز و سڵق، تورشی سێ جۆری سەرەكی هەیە ئەوانیش : تورشی (زەرد – سوور – مەحشی)، لە كۆتاییشدا ئاوی سیر و عەنبەی تێدەكرێ بۆ زیاتر بۆن خۆشكردنی، تورشی لە مانگی ڕەمەزانان بازاڕێكی باشی هەیە، وەكو وەستای تورشی گوتی: خەڵك بەڕۆژوو دەبێ و هەناوی دەسووتێ بۆ شتی ترش و شیرین و زیاتریش وتی لە زستانان تورشی سوور بازاڕی هەیە و لە هاوینانیش زەرد.
Top