نهێنیی پەرەسەندنی نەهەنگەكان

نهێنیی پەرەسەندنی نەهەنگەكان

بیرۆكەی ئەوەی نەهەنگ لە ئاژەڵێكەوە پەرەی سەندووە كە لە وشكاییدا ژیاوە و پاشان چووەتە ناو ئاو، زۆر پێش چارلز داروینیش باس كرابوو، بەڵام داروین لە تیۆرییەكەیدا زۆر بە باشی ڕاڤەی كرد، بەڵگەی پەرەسەندنی نەهەنگ ئاشكرا و ڕوونە، چونكە ئێسكەپەیكەری هەیە، بەڵگەی دیكە هەن كە نەهەنگ هاوشێوەی ئاژەڵە وشكانییەكانە، وەك: پاشماوەی پێیەكانی لە ئێسكەپەیكەریدا دیارە، شێوەی لەشی ئێسكەپەیكەری چەماوەییە وەكو ماسییەكان ڕاست و درێژ نییە، هەناسەدانی بە سییەكانە لە ڕێی ئۆكسجینی دەرەوە نەك ڕیشووەكەوانە وەكو ماسییەكان، گەدەی هاوشێوەی ئاژەڵە وشكاوەكییەكانە و.. كۆمەڵێك تایبەتمەندی دیكە. هەروەها چەندین توێژینەوە لەسەر پاشماوەی بە بەردبووەكان كراوە و دەركەوتووە نەهەنگەكان نزیكەی 50 ملیۆن ساڵ لەمەوبەر گیاندارێكی شیردەری وشكانی بووە و لەسەر پێیەكانی ڕۆشتووە و لە وشكانیدا ڕاوی كردووە، بەڵام نزیكەی 35 ملیۆن ساڵ لەمەوبەر گۆڕانكاریی كتوپڕی جینات sudden genetic event بووەتە هۆی لەدەستدانی پەلەكانییان و، بە تێپەڕبوونی كات جەستەیان وا گونجاندووە كە لە ناوئاودا بژین.

Top