شازادە بەندەر: جەنگی ئێران و عێراق جەنگی ئێرانی فارسی و عێراقی عەرەبی بوو

 شازادە بەندەر: جەنگی ئێران و عێراق جەنگی ئێرانی فارسی و عێراقی عەرەبی بوو
پاش ١٢ ساڵ بێدەنگی لە لێدوان و وەڵامدانەوەی پرسیاری دەزگا ڕاگەیاندنەکان، لە دیمانەیەکیدا لەگەڵ ” ئیندپێندنتی عەرەبی“، کە بەشی یەکەمی ئەمڕۆ بڵاو بۆتەوە، شازادە بەندەر بن سوڵتان بن عەبدولعەزیز، سەرۆکی پێشووی هەواڵگریی و ئەمینداری گشتیی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی و بەناوبانگترین باڵیۆزی سعوودیە لە واشنتۆن، پەردە لەسەر چەندین نهێنیی لا دەدات.

شازادە لە دیدارەکەدا بە وردی باس لە پەیوەندییەکان و نهێنیی ناکۆکییەکانی نێوان وڵاتەکەی و ئێران، هێزی شاراوەی بڕیاربەدەست لە تاران، ململانێی نێوان سووریا و ئیسرائیل، سروشتیی پەیوەندیی نێوان حیزبوڵڵا و سووریا، هەروەها لەمەڕ کێشەی فەلەستین و ” ئەو تاوانە گەورەیەی کە یاسر عەرەفات دەرهەق بە گەلی فەلەستینی کردی - بە گوتەی خۆی“ و ڕۆڵی سعوودیە لە جەنگی هەشت ساڵەی عێراق و ئێران دەدوێ و لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسەکەشدا، زوو زوو جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، کە وەڵامەکانی ڕا و بۆچوونی کەسی و تایبەتن و پەیوەندییان بە کاری سیاسی و حکوومییەوە نییە.

شازادە بەندەر، کە لە ماوەی سەرۆکایەتیکردنی دەزگای هەواڵگری و ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەکەی، جگە لە چەندین ئەرکی دیکە، بەرپرسیارێتیی سێ دۆسیەی گرنگی (ئێران، بەهاری عەرەبی و قەیرانی سووریا)ی لە ئەستۆ گرتووە. تیشک دەخاتە سەر وردەکاریی زۆر پرس و بابەتی هەستیاری پەیوەست بە کێشە و ململانێ سیاسییەکانی ناوچەکە، لە بارەی گۆڕانکارییەکانی وڵاتەکەی و دەستنیشانکردنی شازادە محەممەد بن سەلمان وەک جێنشینی شا، دەڵێ: ” ئەم هەنگاوە بۆ زیاتر لە ٢٠ ساڵی داهاتوو، سەقامگیری بۆ سعوودیە مسۆگەر دەکات“.

یەکێک لەو تەوەرە گرنگانەی شازادە بەندەر تیشکی خستۆتە سەر، وردەکارییەکانی جەنگی هەشت ساڵەی عێراق و ڕۆڵی وڵاتەکەیەتی لەو نێوەدا و دەڵێ: “ هەموومان دەزانین کە سەددام بە مانای وشە فەرمانڕەوایەکی تاوانبار و خوێنڕێژ بوو، بەڵام ئەوە خومەینی بوو، کە لە وتارێکدا ڕایگەیاند، یەکەم جار عێراق ئازاد دەکات، دوای ئەوە ڕوو دەکاتە وڵاتانی کەنداو و بە زەبری هێز ڕزگاریان دەکات”.

باڵیۆزە ناودارەکەی سعوودیە ئاماژە بە سەرەتاکانی قووڵبوونەوەی ناکۆکیی نێوان ئێران و وڵاتەکەی دەکات و بۆ ئەو کاتانەی دەگەڕێنێتەوە، کە سەددام لەسەر داوای شای ئێران، خومەینی لە عێراق دەرکرد و لەوێوە “ گیروگازی سعوودیە - ئێران بە هێرشی توندی وتار و جنێو و تۆمەتبارکردنی یەکتر دەستی پێ کرد” و دەشڵێت: “ لەگەڵ هاتنیشی بۆ سەر حوکم، خومەینی کەوتە دژایەتیکردنی عێراق و هێرشکردنە سەر ئەو وڵاتە بە لێدوانی ئاگرین.

ئەو بەرپرسە ئەمنی و هەواڵگرییەی شانشینی سعوودیە پێیوایە، لە پەیوەست بە جەنگی عێراق و ئێران، بە م هەڵوێستە توند و دوژمنکارانەی خۆی، تاران هیچ بژارەیەکی دیکەی لە بەردەم وڵاتەکەیدا نەهێشتەوە و دەڵێ: “ جگە لە دوو بژارەی خراپ و خراپترین، هیچ بژارەیەک لە بەردەم سعوودیەدا نەمایەوە، بۆیە بژارە خراپەکەی هەڵبژارد. شیکردنەوەی سەرکردایەتیی سعوودیە بۆ ئاگری ئەو ناکۆکییەی خومەینی هەڵیگیرساند ئەوە بوو، کە ناکۆکییەکە سوننی - شیعی، یان ناکۆکیێکی سیاسی نییە، بەڵکوو ناکۆکیێکی مێژوویی فارسی - عەرەبییە و ڕوانگەیەکی ڕەگەزپەرستانەی خومەینییە”.

دیبلۆماتکارە سعوودیەکە ئەم دروستی و لۆژیکی شیکردنەوەی سەرکردەکانی وڵاتەکەی بەوە پشتڕاست دەکاتەوە، کە “ 80% ی سوپای عێراق لەو کاتە شیعە بوون و دژی ئێران دەجەنگان، ئەوان شەڕی ویلایەتی فەقێ و ئێرانی شیعەیان نەدەکرد، بەڵکوو شەڕی ئێرانی فارسییان دەکرد”.

شازادە سعوودیەکە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، سەرەڕای هەموو ئەمانەش، بەڵام ئەوە وڵاتەکەی ئەو بوو، کە ڕۆڵی سەرەکی لە کۆتایهێنان بەم جەنگە خوێناوییەی نێوان ئێران و عێراق هێنا و دەڵێ: “حەوت ساڵ بەسەر جەنگەکە تێپەڕی بوو، پێویست بوو کۆتایی پێ بهێندرێت، بۆ ئەم مەبەستەش ئێمە ناوبژایوانیی نێوان ئێران و عێراقمان کرد. ئەو ڕۆژگارە بە بەشداریی تاریق عەزیزی وەزیری دەرەوەی ئەوکاتی ئێران و هاوتا ئێرانییەکەی عەلی ئەکبەر ویلایەتی و ئامادەبوونی خافیێر پێرێز دی کویلاری ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، بە نهێنی لە نیویۆرک کۆبوونەوەمان دەکرد، پاشان بۆ ئەوەی لە چاوی میدیاکان بەدوور بین، دانیشتنەکانمان گواستەوە سویسڕا”.













باسنيوز
Top