ڕۆحانی: ئەمریکا هۆکاری سەرەکیی کێشەکانمانە
لەم ڕووەوە ماڵپەڕی فەرمیی حەسەن ڕۆحانیی سەرۆکی ئێران، پەیوەست بەم قەیرانە ئابوورییەی، کە یەخەی وڵاتەکەیانی گرتووە، باس لەوە دەکات، بەراورد بە ساڵانی ڕابردوودا، ئەو قەیرانەی ئەمڕۆ ئێران تێیکەوتووە، قورسترین و سەختترینیانە و لەسەر زمانی ڕۆحانییەوە نووسیویەتی: “ لە ماوەی 40 ساڵی ڕابردوودا، ئەمڕۆ وڵاتەکەمان ڕووبەڕووی قورسترین قەیرانی ئابووری بۆتەوە”.
سەرۆکی ئێران وەک پاڵپشتیێک بۆ حکوومەتی وڵاتەکەی و جۆرێک لە هێورکردنەوەی دۆخی دەروونی خەڵکەکەی، جەختی لەسەر ئەوە کردۆتەوە کە “ هۆکاری سەرەکیی کێشەکانمان، فشارەکانی ئەمەریکا و شوێنکەوتووانیەتی. بۆیە نابێت لەوەدا لۆمەی حکوومەت بکرێت کە ئەرکەکانی خۆی لەسەر سیستەمی ئیسلامی جێبەجێ دەکات”.
بەهۆی کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی و سەپاندنی سزای نوێ بەسەر ئێراندا، وڵاتەکە دەرگیری قەیرانێکی ئابووری سەخت بووەوە، کە ڕاستەوخۆ لە ژیان و گوزەرانی خەڵک ڕەنگی دایەوە و بە هۆیەوە لە ماوەی ڕابردوودا، چەندین جار شارەکانی ئێران خۆپیشاندانیان بەخۆوە بینیوە و خۆپیشاندانەکان لە هەندێ شوێنکاتدا توندوتیژی و بەریەککەوتنی نێوان خۆپیشاندەران و هێزەکانی پۆلیس و ئاسایشی وڵاتەکەی لێ کەوتۆتەوە.
باسنيوز