ترەمپ لەبارەی یارمەتیی ئابووریی ئێران هۆشداریی دایە یەکێتیی ئەورووپا

ترەمپ لەبارەی یارمەتیی ئابووریی ئێران هۆشداریی دایە یەکێتیی ئەورووپا
ئاژانسی (ئەسیەوشیەیتێدپرێس) بڵاوی کردەوە دۆناڵد ترەمپ، سەرکۆماری ئەمریکا، لەبارەی ئەگەری یارمەتیی ئابووری بە کۆماری ئیسلامیی ئێران، هۆشداریی داوەتە ڕێبەرانی ئەو یەکێتییە.

ئەو ئاژانسە لەزاری سەرچاوەکانی خۆیەوە بڵاوی کردووەتەوە، سەرکۆماری ئەمریکا ئەمڕۆژانە زۆر بە وردی هەوڵەکانی وڵاتانی ئەورووپای خستووەتە ژێر چاودێرییەوە کە بەتەمان کەناڵ و ڕێکارێک بۆ یارمەتیی ئابووری بۆ ئێران بدۆزنەوە.

بەرپرسێکی باڵای کۆشکی سپی کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت لەمبارەوە ئاشکرای کردووە، ئەگەر بێت و هەر وڵات و لایەنێک گرفت و ئاستەنگ بۆ ڕەوت و گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران بهێننە پێش، ئەو وڵاتە لە گەرمارۆکانی داهاتوو ڕێکارێکی توندتر دەگرێتە بەر کە زۆر وڵات و کەسایەتی و دامەزراوە دەکەونە ناو بازنەی گەمارۆکانی ئەمریکاوە.

کۆشکی سپی چەندان جار هۆشداریی بەو کۆمپانیا ئەورووپییانە داوە کەلە ئێران کار دەکەن، کە ئەگەر بێت و بیانهەوێ گەمارۆکانی ئێران تێپەڕینن، ئەمریکا (بە توندی سزایان دەدات).

سەرەڕای ئەو هەوڵانەی ئەمریکا، لە بەرانبەردا وڵاتانی ئەورووپی بە یاوەریی چین و ڕووسیا کە دوو واژۆکاری ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران (بەرجام)ن، سەرقاڵی داڕشتنی ڕێکار و دۆزینەوەی ڕێگەیەکن کە یەکێتیی ئەورووپا یارمەتیی دارایی و ئابووریی ئێران بکات.

سەرەڕای هەوڵە چڕوپڕەکانی ئەمریکا بۆ گەمارۆی زیاتر بۆ سەر ئێران، ئەو وڵاتە هیوای بە هەوڵەکانی یەکێتیی ئەورووپا بەستبوو، بەڵام ئەو یەکێتییە تاکوو ئێستا بە کردەوە هیچ هەنگاوێکی بە ئاراستەی یارمەتیی ئێران هەڵنەگرتووە و شرۆڤەکارانی سیاسی پێیان وایە "وەرزی خەزان"ی پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانی نێوان ئێران و یەکێتیی ئەورووپا دەستی پێکردووە.








باسنيوز
Top