چوار وڵاتی ئەورووپی مۆڵەتی هەشت رۆژ بە سەرۆکی ڤەنزوێلا دەدەن

 چوار وڵاتی ئەورووپی مۆڵەتی هەشت رۆژ بە سەرۆکی ڤەنزوێلا دەدەن
چوار وڵاتی بەهێزی ئەورووپا مۆڵەتی هەشت رۆژ بە سەرۆکی ڤەنزوێلا دەدەن و هەڕەشەی داننان بە سەرۆکە کودەتاچییەکەی ئەو وڵاتە دەکەن.



پێدرۆ سانشێز، سەرۆک وەزیرانی ئیسپانیا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، وڵاتەکەی مۆڵەتی هەشت رۆژ بە نیکۆڵاس مادۆرۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا دەدات بۆ دیاریکردنی وادەیەک بۆ هەڵبژاردنی گشتی لە وڵاتەکەی.



هەروەها ئیمانوێڵ ماکرۆنی سەرۆکی فەرەنسا، گوتەبێژی حکوومەتی ئەڵمانیا و جێرمی هانتی وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لە هەژماری تایبەتیی خۆیان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر)، هەمان داوایان ئاراستەی نیکۆڵاس مادۆرۆ، کردووە.



ئەو چوار وڵاتە هەڕەشەی ئەوەیان لە نیکۆڵاس مادۆرۆ کردووە، کە ئەگەر لە ماوەی هەشت رۆژدا وادەیەک بۆ هەڵبژاردنی گشتی دانەنێت، ئەوا دان بە خوان گوایدۆی سەرۆکی پەرلەمانی ڤەنزوێلا وەک سەرۆکی کاتیی ئەو وڵاتەدا دەنێن.



ئێوارەی رۆژی چوارشەممە 23-1-2019، خوان گوایدۆ، سەرۆکی پەرلەمانی ڤەنزوێلا خۆی وەک سەرۆکی وڵاتەکەی بە وەکالەت ناساند و رایگەیاند، نیکۆڵاس مادۆرۆ چیتر سەرۆکایەتیی وڵات ناکات.



تا ئێستا وڵاتانی ئەمریکا، رێکخراوی وڵاتانی ئەمریکا، بەرازیل، پاراگوای، کۆڵۆمبیا، کەنەدا، پیرۆ، یەکێتیی ئەوروپا پشتگیریی خوان گوایدۆ دەکەن و وڵاتانی مەکسیک، کوبا، رووسیا، تورکیا و ئێرانیش تەنیا یکۆڵاس مادۆرۆ بە سەرۆک دەزانن.




باسنيوز
Top