یەکێتیی ئەورووپا هۆشداریی گەمارۆی داوەتە ئێران

یەکێتیی ئەورووپا هۆشداریی گەمارۆی داوەتە ئێران

دوای ئیدانەکردنی جموجۆڵ و چالاکییە مووشەکییەکانی ئێران لەلایەن یەکێتیی ئەورووپاوە، پەیوەندییەکانی نێوانیان گرژییان تێکەوتووە و دیپلۆماتە ڕۆژئاواییەکان باس لە تاوتوێی گەمارۆی نوێ بۆ سەر ئێران دەکەن.



لە کاتی سەفەر و دیداری یازدە ڕۆژ لەمەوبەری نێردەکانی یەکێتیی ئەورووپا و لێپرسراوانی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لایەنی ئێرانی پێچەوانەی یاساو پێوەرە دیپلۆماتیکەکان سەرەڕای جێهێشتنی شوێنی کۆبوونەوەکە، هاوکات زۆر بە تووڕەیی و بە توندی دەرگای ژوورەکەشیان پێوە داوە.



بەپێی زانیارییەکان دیپلۆماتە ئەورووپییەکان لە وڵاتانی "فەرەنسا، بەریتانیا، ئەڵمانیا، دانیمارک، هۆڵەندا و بەلجیکا" نزیکەی دوو هەفتە لەمەوپێش سەردانی تارانیان کرد و لەو دیدارانەدا دوو پەیامی گرنگیان بە تاران ڕاگەیاند.



ئەو دوو پەیامەش کۆتاییهاتنی سەبری یەکێتیی ئەورووپا لەبارەی تاقیکردنەوە مووشەکییەکانی ئەو وڵاتە و هەوڵدانیان بۆ کاری تیرۆریستی و کوشتنی دژبەرانیان لەناو خاکی ئەورووپایە.



هەرچەند بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی تاکوو ئێستا لەمبارەوە هیچ زانیارییەکیان نەخستووەتە ڕوو، بەڵام یەکێک لە دیپلۆماتەکان لەبارەی ئەنجامی ئەو سەفەرە خستووەتە ڕوو و گوتوویە: "ئێمە دەبوا نیگەرانییەکانی خۆمان بە بەرپرسانی ئێران ڕابگەیەنین، هەرچەند ئەوان پێیان خۆش نەبوو و دوای ئەوەش چەند ڕووداوێکی دیکە ڕوویان دا و ئەمانەش هەموو نیشانەی گرژی و ئاڵۆزیی زیاتری نێوان پەیوەندییەکانی تاران و یەکێتیی ئەورووپایە".






باسنيوز
Top