ئه‌مه‌ریكا و ئیسرائیل له‌سه‌ر كوشتنى قاسم سوله‌یمانی رێككه‌وتوون
به گوێره‌ی رۆژنامه كوه‌یتییه‌كه، كه له زاری سه‌رچاوه‌یه‌كی "ئاگاداره‌وه"، وه‌ك خۆی باسی ده‌كات، وه‌ریگرتووه، سێ ساڵه ئه‌مه‌ریكا و ئیسرائیل ناكۆكییان له‌سه‌ر رۆڵ و پێگه‌ی قاسم سوله‌یمانی هه‌یه له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، كه سه‌رپه‌رشتی كرده‌وه سه‌ربازییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی سوپای پاسداران ده‌كات له عێراق، سووریا، یه‌مه‌ن و لوبنان، دواجار دامه‌زراوه هه‌واڵگرییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، گڵۆپی سه‌وزییان بۆ ئیسرائیل هه‌ڵكردووه، ئه‌گه‌ر بۆی كرا له‌ناوی ببات.
به گوێره‌ی سه‌رچاوه‌كه، بۆ رۆژنامه‌كه گوتوویه‌تی: "به‌رپرسێكی باڵای پێشووی دامه‌زراوه‌ی هه‌واڵگری ده‌ره‌وه‌ی ئیسرائیل (مۆساد) رایگه‌یاندووه، سێ ساڵ به‌ر له ئێستا ئیسرائیل بۆی هه‌ڵكه‌وتووه قاسم سوله‌یمانی له نزیك دیمه‌شق بكوژێت، به‌ڵام ئه‌مه‌ریكا ئاگاداری پلانه‌كه بووه و فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قی قودسی ئاگادار كردووه‌ته‌وه، ئه‌وه‌ش بووه‌ته هۆی شكستی پلانه‌كه".
به گوێره‌ی سه‌رچاوه‌كه، ئه‌م كاره‌ی ئه‌مه‌ریكا، بووه‌ته هۆی ناكۆكییه‌كی زۆر له نێوان دامه‌زراوه هه‌واڵگرییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و ئیسرائیل، به درێژایی سێ ساڵی رابردوو.
سه‌رچاوه‌كه ئاشكراشی كردووه، ئێستا جیاواز له سێ ساڵی رابردوو، تێگه‌یشتنێكی ته‌واو له نیوان ئه‌مه‌ریكا و ئیسرائیل له‌سه‌ر مه‌ترسییه‌كانی جموجۆڵی قاسم سوله‌یمانی درووست بووه و هه‌ردوولا كۆكن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی سوله‌یمانی بووه‌ته هه‌ڕه‌شه له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانییان.
سه‌رچاوه‌كه ئه‌وه‌شی ئاشكرا كردووه، ئیسرائیل له نزیكه‌وه چاودێری جموجۆڵه‌كانی قاسم سوله‌یمانی ده‌كات و چه‌ند جارێكیش له لێواری كوشتن، گه‌ڕاوه‌ته‌وه.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه، رۆژنامه كوه‌یتییه‌كه له چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كه‌وه ده‌ستیكه‌وتووه، باس له سه‌ركرده‌ی دووه‌می ئێران ده‌كات له دوای سوله‌یمانی له سووریا، به‌ناوی محه‌مه‌د ره‌زا فه‌لاح زاده، كه نازناوی ئه‌بوبه‌كری هه‌یه.
به گوێره‌ی سه‌رچاوه‌كه، ئه‌بوبه‌كری ئێرانی ده‌سه‌ڵاتێكی فراوانی له سووریا و مه‌یدانه‌كانی جه‌نگ له‌و وڵاته پێدراوه و له چوارچێوه‌ی شاندی ئێرانیش به‌شداری كۆبوونه‌وه‌ی ئاستانه‌ی كردووه، سه‌رپه‌رشتی و هه‌ماهه‌نگی سه‌ردانی شانده سه‌ربازی و راوێژكاره ئێرانییه‌كان ده‌كات بۆ سووریا و ئێستاش بووه‌ته ئامانجی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا و ئیسرائیل و هه‌وڵی له‌ناوبردنی ده‌ده‌ن.
K24 -