زێهنیەتى شۆڤێنیزمى و دژایەتیکردنى کوردستان بێ کۆتاییە

زێهنیەتى شۆڤێنیزمى و دژایەتیکردنى کوردستان بێ کۆتاییە

زیاتر لە یەک سەدە تێدەپەڕێت بە سەر دروستکردنى عێراقێکى ساختە بەناوى دەوڵەت و لکاندنى ئەم بەشەى کوردستان کە لە رووى جوگرافیا و نەتەوە بە باشوورى کوردستان و لە رووى سیاسى و ددانپێنانى نێودەوڵەتى و دەستوورى و یاساییەوە بە قەوارەى هەرێمى کوردستان ناسراوە ، دەیان ساڵە هەموو ئەو حکوومەت و دەسەڵاتانەى کە هاتوونەتە سەر کورسى حکوومرانى هەر سیستەمى پاشایەتییەوە بە ئێستاى مەزهەبى وتایفى شیعى بە هەمان زێهنیەتى رابردوو و بەڵکو خراپترین سیاسەتى ئازاردان و چەوساندنەوەیان بەرامبەر بە کوردوکوردستان ئەنجام داوە .

ئەگەر تادوێنى ڕژێمەکانى پێشووتر سیاسەتى زیندەبەچاڵکردن و چەکى کۆمەڵکوژ وتیرۆرکردن و هەوڵى ڕێشەکێشکردنیان بەرامبەر بە گەلى کورد و پێکهاتەکانى دیکەى عێراق ئەنجامدەدا و درێغیان نەکرد لە شەهیدکردن و بێ سەروشوێنکردنى هەزاران کەس ، ئەوەتا جارێکى تر لە سایەى عێراقێکى بەناو فیدڕاڵی ودیموکراس و بوونى دەستوورێک کە تا ئێستا جوڵە وکارى پێنەکراوە ، دیسان بە سیاسەتى شۆڤێنى وتایفى و مەزهەبى و زۆرینە ئەوا سیاسەتى گەمارۆدان و پەراوێزخستن و بڕێنى مووچە و بودجە و برسیکردنى خەڵکى کوردستان و ستەمکارى بەرامبەر پێکهاتە نەتەوەییەکانى تر ئەنجام دەدرێت لە کاتێکدا دەسەڵاتدارانى ئێستا بە پابەندنەبوون بەدەستوور و هاوبەشى ، عێراقیان کردۆتە سەر ڕێرەوێکى مەترسیدار بەرەو ئاقارێکى نادیار .

بەتایبەتى بە هەڵوەستەکردن لە سەر مێژووى دەسەڵاتدارانى عێراق لە هیچ سەردەم قۆناغێکدا نەبووە کە بە هەموو توانایەکەوە دژایەتى گەلى کورد نەکەن و لە بەڵێن و ڕێککەوتننامەکانیان پاشگەز ببنەوە و هەرکاتێک هێز وچەک و پارەیان لەبەردەست بووبێت ئەو کاتە پەڵامارى کوردوکوردستانیانداوە و لەکاتى لاوازبوون و تەنگانەشدا ئەو بێ شەڕمانە و داوایان لە سەرکردایەتیی سیاسى کوردستان و بەتایبەت سەرۆک مسعود بارزانى کردووە تا لە کێشە و ئاڵۆزییەکان کە خۆیان هۆکارى سەرەکین ڕزگاریان بکات و بۆیان چارەسەر بکات ، عێراقێک کە هیچ دادپەوەرى و یاسا و دەستوور و هاوبەشى و فیدڕاڵى تێیدا سەروەرى نەبێت و هەموو گەل و پێکهاتەکان تێیدا بە متمانە و ئاسوودەى ژیان بەسەر ببەن و خەڵکانێک بە گروپ و میلیشایی لە یاسا دەرچوو کە لەدەرەوە سنوورەکان و لە وڵاتانى هەرێمى فەرمانەکان جێبەجێ بکەن و دەستبەسەر سەروەت و سامانى گشت دا بگیرێت و لە بەرژوەندخویان بەکارى بهێنن دەبێ چ چاوەروانییەکى بێجگە لە خراپەکارى و تاوانکارى وەک ئەوەى ئێستا دەبینرێت لێبکرێت .
کاتێک حکوومەتێک دادپەوەرى تێیدا نەبێت و دادگە لە ژێر هەژموونى میلیشیایی لە یاسا دەرچوو دابێت ، رۆژ بە رۆژ دەستوەردانەکان لە نێویدا زیاتر بێت و مافە دەستوورى و رەواکانى گەل و پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینیەکانى تر ژێر پێبەخرێت ، بەدڵنییایەوە ئەوەى لە ئێستەى عێراق دەگوزەرێت ، سیاسەتێکى تاکڕەوانەى میلیشیاییە کە شوێنى حکوومەتى ڕاستەقینەى گڕتۆتەوە ، حکوومەتێک کە بە شێوەیەک لاوازە کە توانایی بریاردانى نییە و گروپ ومیلیشیاکانى بریاردەرى راستەقینەن و شتێک بەناوى سەروەرى بوونى نییە ، بەتایبەتى بۆ ئێمەى گەلى کورد وەک دووەم گەورە نەتەوە لە عێراق نەک هەر لەرابردوو بەڵکو لە ئێستاشدا ڕاگرتن و نەناردنى مووچەى وبودجەى خەڵکى کوردستان و پێشمەرگەى کوردستان بەتایبەتى لە کاتە سەختەکاندا و نەناردنى هیچ ماف و شایستەیەک وەک کارتێکى گووشار کە مەرامەکەى دیارە ئەویش پیلانێکى قڕێژە و هاوشێوەى ئەو چەک و بۆردومانکردنانەیە کە ڕژێمەکانى رابردوو بەمەبەستى شکاندنى ئیرادەى پێشمەرگە و خەڵکى کوردستان و دانانى کاریگەرى لە بیروباوەریان بەکاریان دەهێنا، بەدڵنییاییەوە ئەو پیلانگێرییانە و ئەو جۆرە شێوازە حوکمڕانییە درێژەى پێدەرى سیاسەتى ڕژێمەکانى رابردوو و دەبێ گشت هێزولایەنە سیاسیەکان خۆیان لەو دوژمنانەیەتى و دژایەتییکردنانە تەنها بۆ لایەکەوە نەبەستنەوە بەڵکو پیلانگێرى وپەڵاماردان و گووشارەکان بۆ هەموو گەلى کوردە بە بێ جیاوازى و بەدیاریکراویش پارتى دیموکراتى کوردستان کە پێشەنگ وئاڵاهەڵگر و بەرپرسیاریەتیی پارێزگاریکردن لە مافەرەواکانى کورد و قەوارەى هەرێمى کوردستانى بە ئەستۆ گڕتووە .

بۆیە، هەر حزب ولایەنێک لە پێناو بەرژوەندى کەسى و حزبى ملکەچى خواستە ناڕەواکانى عێراق بێت ، چونکە دوژمنان بەدرێژایی مێژووى خەباتمان هەمیشە سوودیان لە لێکترازان و ناکۆکییەکانى نێوماڵى کوردستانى و لاوازى هەندێک لایەن و کەس بینیووە بۆ زیانگەیاندن بەدۆزى کورد ، خەونى شۆڤێنییەکان لە رابردوو و ئێستاشدا هەمیشە لاوازکردنى سەرکردایەتیی سیاسى کوردستان و بەتایبەتى لە ئێستاشدا حکوومرانییەکەى بووە تا خاوەنى سەروەرى خۆى نەبێت ، هەر ئەوەشە هەنگاو بەهەنگاو کاریان لە سەرکردووە هەر لە ڕێگریکردن لە هەناردنەکردنەوەى نەوت تا هیچ داهاتى نەبێت تا دەگاتە دەستبەسەرداگرتنى داهاتەکانى تر و لەدەست دەرهێنانى و یاریکردن بە کارتى مووچە وبودجەى هەرێمى کوردستان بۆ ناچارکردنى بە گوێرایەڵیان وبوونى قەوارەیەکى لاواز ودواتر ئەگەر پێیان کرا نەهێشتنى.
بۆ مێژوو و گەلى کوردیش گەواهیدەرە کە ئەوە لە رابردوو و ئێستا وداهاتووش بەرپرسیارانە و خەمخۆرانە بەرگرى لە مافەرەواکانى کوردستانى کردووە بەتایبەتى بۆ ئێستا مافى بودجە ومووچەو سەروەرى قەوارەى هەرێمى کوردستان ، تەنها پارتى دیموکراتى کوردستانە ، بەدڵنییاییەوە ئەگەر هەڵوێست و رژدبوونەکانى بارزانى و پارتى نەبووایە ، نەسەرەوەرى و نە پرسێک و بابەتێک بەناوى هەرێمى کوردستان بوونى نەدەبوو، هەمیشە و لەهەموو قۆناغەکانى خەباتیشدا ڕووبەڕووى نەیارانى کوردستان وەستاوەتەوە ، ئامانج و ستراتیژى پارتى دیموکراتى کوردستان بەدیهێنان و مسۆگەرکردنى مافەدەستوورییەکانى خەڵکى کوردستان بە هەموو مافى پێکهاتەکانى کوردستان لە چەند حکوومەتى فیدڕاڵى عێراق ، کە دەیان ساڵە خەبات و قوربانی زۆرى لە پێناو بەخشیووە .

Top