ھەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری لە ئێران لە دووتوێی ئامارەکاندا

 ھەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری لە ئێران لە دووتوێی ئامارەکاندا
بڕیارە رۆژی 19ـی ئایاری ئەمساڵ دوانزەھەمین خولی ھەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری ئێران لەحاڵێکدا، کە ناوچەکە بەرەو ڕووی گۆڕانگاریی گەورە بووەتەوە، بەڕێوە بچێت.

بانگەشەی ھەلبژاردنەکان دەستی پێکردووە و ھەتا 17ـی مانگ درێژەی دەبێت.

شێوەی ھەڵبژاردن

ھەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری بە شێوەی دوو قۆناغی و بۆ ماوەی چوار ساڵ بەڕێوە دەچێت. ئەگەر هیچ بەربژێرێک 51%ـی دەنگەکان بە دەست نەھێنێت، ئەوا هەفتەی دواتر ھەڵبژاردن بۆ ئەو دوو کەسەی زۆرترین دەنگیان بە دەست ھێناوە، بەڕێوە دەچێت.

دیاریکردنی بەربژێرەکان

شیاوەتی ئەو کەسانەی ناوی خۆیان بۆ بەدەستھێنانی پۆستی سەرۆک کۆماری ئێران تۆمار دەکەن، لەلایەن شوورای چاودێری دەستووری وڵاتەوە پەسەند دەکرێت.

شوورای چاودێری لە 12 کەس پێک ھاتووە، کە شەش کەسیان مامۆستای ئایینین و ڕاستەوخۆ لەلایەن ڕێبەری باڵای ئێرانەوە دەستنیشان دەکرێن و شەش کەسی دیکەشیان مافناسن و لەلایەن پەرلمانی ئێرانەوە دەستنیشان دەکرێن و دوای بڕیاری پەرلمان، دەبێ "ئەنجومەنی بژاردەکان"، کە ئەویش لەژێر فەرمانی ڕێبەری ئێراندایە، شیاوبوونیان پەسەند بکرێت.

کێ دەتوانێ خۆی بەربژێر بکات؟

بەپێی دەستووری ئێران، کەسانێک دەتوانن پۆستی سەرۆک کۆماریی ئێران بە دەست بێنن، کە خاوەن ئەم مەرجانەی خوارەوە بن:

- پیاو بێت (ژن نابێتە سەرۆک کۆماری ئێران).

- خەڵکی ئێران بێت و توانای بەڕێوەبردنی کارەکانی هەبێت.

- پابەندبێ بە بنەماکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و پەیڕەوی ئایینی فەرمیی وڵات (شیعەی 12 ئیمامی) بێت.

بەپێی ئەم بەندەی دەستووری ئێران، نزیکەی 90%ـی خەڵکی ئێران مافی خۆ کاندیدکردنیان بۆ پۆستی سەرۆک کۆماریی ئێران نییە.

ژنان، کە نیوەی دانیشتووانی ئێران پێک دێنن، سونەکان و ھەروەھا پەیڕەوانی ئایینەکانی کریستیان، زەردەشتی و جوولەکە و...هتد. ڕاستەوخۆ و شیاو بوونیان رەت دەکرێتەوە و مافی خۆکاندیدکردنیان نییە.

سەرەڕای ئەوەی خەڵک ئاگاداری ئەو بەندەی دەستووری ئێرانن، بەڵام ئەمساڵ دەیان ژن، موسڵمانی سوننە و کورد خۆیان بۆ بەدەستھێنانی ئەو پۆستە کاندید کردبوو، کە شیابوونی ھەر ھەموویان ڕەت کرایەوە.

کێن ئەوانەی شیاوەتیان پەسەند کرا؟

شوورای چاودێری دەستووری ئێران لە کۆی زیاتر لە ھەزار کەس، کە خۆیان بۆ بەدەستھێنانی پۆستی سەرۆک کۆماریی ئێران لە خولی دوازدەھەم ئامادە کردبوو، تەنیا شیاوبوونی شەش کەسی پەسەند کرد، کە بەشێوەی خوارەوەیە:

١_ حەسەن روحانی

تەمەن 68 ساڵە و ماوەی چوار ساڵە سەرۆک کۆماری ئێرانە، خەڵکی شاری سورخ‌ی سەر بە پارێزگای سمنانە، کە کەوتووەتە باشوور و رۆژھەڵاتی تارانی پایتەختی ئێران.

ناوبراو ھاوکات ئەندامی "کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی رژێم"ـە و نوێنەری "ئەنجومەنی بژاردەکانی ڕیبەریی" ئێرانە و نزیکە لە ڕیفۆرمخوازەکان.

روحانی خاوەن بروانامەی دوکتۆرایە لە بواری مافە بنەڕەتییەکانە.

٢_ محەممەد باقر قالیباف

تەمەن 55 ساڵە و ئێستا سەرۆکی شارەوانیی تارانی پایتەختی ئێرانە و پێشتریش فەرماندەی ھێزە نیزامییەکانی ئێران بووە و فەرماندەیی ھێزی ئاسمانی سوپای پاسدارانی ئێرانیشی لەئەستۆ بووە.

قالیباف خەڵکی شاری تورقەب‌ی سەر بە پارێزگای خوڕاسانی ڕەزەوییە و وەکو کەسێکی سەربەخۆ بەشداری ھەڵبژاردنەکانی کردووە، بەڵام لە ھەڵبژاردنی رابردوو، لە لیستی ریفۆرمخوازەکان بوو.

قالیباف لە باوکێکی کوردی خۆڕاسانە، کە باپیرەکانیان بەر لە 400 ساڵ لەلایەن سەفەوییەکانەوە لەناوچەکانی باکووری ڕۆژھەڵاتی کوردستان دوورخرانەوە بۆ باکووری خۆڕاسان و لە سنوورەکانی ئێران و لەبەرانبەر ئەفغانەکان و تورکەمەنەکان جێگیر کران.

ناوبراو بڕوانامەی دوکتۆرای جوگرافیا لە فەرەنسا وەرگرتووە و ھاوکات ئەندامی لێژنەی زانستی زانکۆی تارانیشە.

٣_ سەید ئیبراھیم رەئیسی

تەمەن 56 ساڵ و خەڵکی شاری مەشھەدی ناوەندی پارێزگای خوڕاسانی رەزەوییە و بە یەکێک لە نزیکترین کەسەکانی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێرانە.

ناوبراو ئەندامی پارتی توندڕەوی کۆمەڵەی ڕۆحانییوونی شۆڕشگێڕە، کە نزیکە لە ڕێبەری ئێران و ساڵی ڕابردووش بە فەرمانی خامنەیی وەکو بەرپرسی ناوەندی(قودسی رەزەوی) دەستنیشان کرا، کە یەکێک لە بەسامانترین ناوەندەکانی ئێران بە ئەژمار دێت و ئەندامی مەجلیسی بژاردەکانی ڕێبەری ئێرانیشە.

رەئیسی ھاوکات دژبەرانێکی زۆری ھەیە و ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ناوبراو یەکێک لە ئەندامانی لێژنەی چوار کەسی لەسێدارەدانەکانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران بووە لە دوای 1979.

بە فەرمانی ئەو لێژنەیە لە ھاوینی 1988ـی زایینی ھەزاران زیندانی سیاسی لە زیندانەکانی ئێران بەبێ ھیچ دادگاییکردنێک، گوللەباران کران.

4_ ئیسحاق جەھانگیری

تەمەنی 59 ساڵە و ئەندامی پارتی(کارگوزاران سازندەگی)ـە، خەڵکی شاری سیرجان سەر پارێزگای کرمانە لە ناوەڕاستی ئێران.

جەھانگیری جێگری یەکەمی سەرۆک کۆماری ئێستای ئێرانە.

ناوبراو بڕوانامەی دوکتۆرای کاڕگێڕی پیشەیی لە زانکۆی شەریفی تاران وەرگرتووە.

5_ سەید مستەفا ھاشمی تەبا

تەمەنی 71 ساڵە و خەڵکی شاری ئیسفەھان ناوەندی پارێزگای ئیسفەھانە.

ناوربراو ئەندامی پارتی(کارگوزاران سازندەگی)یە و لە سەردەمی سەرۆک کۆماری باھونەر، موسەوی، ڕەفسەنجانی و خاتەمی وەزیر بووە.

6_ سەید مستەفا میر سەلیم

تەمەنی 69 ساڵە و لەدایکبووی شاری تارانە.

ناوبراو ئەندامی پارتی (موتلفە ئیسلامی)یە و یەکێکە لە ڕاوێژکارە باڵاکانی عەلی خامنەیی.

ناسراوترین ئەو کەسانەی شیاوەتییان پەسەند نەکرا:

چەندین کەسایەتیی ناسراوی ئێران لەلایەن شوورای چاودێریی دەستووری ئێرانەوە شیاوەتییان پەسەند نەکراوە، کە ھەندیکیان پێشتر سەرۆک کۆمار بوون و ھەندێکیشیان لە چەندین کابینە وەزیر بوون.

مەحموود ئەحمەدی نەژاد، کە هەشت ساڵ سەرۆک کۆماری ئێران بووە، لەلایەن ئەو ناوەندەوە شیاوبوونی پەسەند نەکرا. ناوبراو پێشتر بەڵێنی بە ڕێبەری ئێران دابوو، کە خۆی بەربژێر ناکات، بەڵام لەناکاو خۆی بەربژێر کرد و ئەمەش دەنگدانەوەی زۆری لەنێو میدیا ئێرانی و بیانییەکان ھەبوو و دژکردەوەی ڕەوتی نزیک لە ڕێبەری ئێرانی لێکەوتەوە.

حەمید بەقایی، مەسعود زەریبافان، محەممەد مێھدی زاھدی، سادق خەلیلیان و چەندین کەسی دیکەش، کە وەزیر بوون لە کابینەکانی پێشووتر، شیاوبوونیان پەسەند نەکرا.

ھەروەھا سەید ھاشم بەتحایی گوڵپایگانی ئەندامی ئەنجومەنی بژاردەکانی ڕێبەری و محەممەد ھاشمی ڕەفسەنجانی برای عەلی ئەکبەر ڕەفسەنجانی، کە پێشتریش بەرپرسی گشتیی دەنگ و ڕەنگی ئێران بووە، شیاو بوونیان بۆ خۆ کاندیدکردن پەسەند نەکرا.

چەند کەس مافی دەنگدانیان ھەیە؟

بەپێی ئامارەکانی ناوەندی تۆمارکردنی باری کەسێتی ئێران، لە ھەڵبژاردنەکانی دوازدەیەمین خولی سەرۆک کۆماریی ئێران لە ناوخۆی ئەو وڵاتە 55 ملیۆن و 936 ھەزار کەس مافی دەنگدانیان ھەیە.

هەروەها لە دەرەوەی ئێران و بەپێی ئامارەکانی ئەو ناوەندە، زیاتر لەدوو ملیۆن و 500 ھەزار کەس مافی بەشداریکردنیان لە ھەڵبژاردنەکاندا ھەیە.

ژمارەی سەرۆک کۆمارەکانی ئێران، دوای شۆڕشی ئیسلامی

سەید ئەبولحەسەن بەنی سەدر، یەکەم سەرۆک کۆماری ئێران بووە، کە دواتر ناچار بوو ئەو وڵاتە جێ بھێڵێت.

محەممەد عەلی ڕەجایی، دوو ساڵ دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران دووەم سەرۆک کۆماری ئێران بوو، پەڵام پاش مانگێک تیرۆر کرا.

عەلی خامنەیی، ڕێبەری ئێستای ئێران بۆ ماوەی هەشت ساڵ سەرۆک کۆماری ئێران بووە.

دواتر ھەر یەک لە عەلی ئەکبەر ڕەفسەنجانی، سەید محەممەد خاتەمی و مەحموود ئەحمەدی‌نەژاد ھەرکامەیان بۆ ماوەی هەشت ساڵ سەرۆک کۆمار بوون.

حسەن ڕوحانی یازدەهەمین سەرۆک کۆماری ئێرانە و لە ھەڵبژاردنەکانی ئەم خولەش یەکێک لەو کەسانەیە، کە زۆرترین شانسی سەرکەوتنی هەیە.








باسنیوز
Top