ترەمپ و پوتین لە بارەى سوریاوە گفتوگۆ دەکەن

 ترەمپ و پوتین لە بارەى سوریاوە گفتوگۆ دەکەن
بڕیارە ئەمڕۆ سەرۆکی ئەمریکا و سەرۆکى ڕوسیا پەیوەندییەکى تەلەفۆنى ئەنجام بدەن و گفتوگۆ لەبارەی دۆخى سوریاوە بکەن.

کۆشکی سپی ڕایگەیاند، ئێوارەى ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا پەیوەندی بە ڤلادیمیر پوتین سەرۆکی ڕوسیاوە دەکات و چەند تەوەرێک تاوتوێ دەکەن لەنێویاندا قەیرانى سوریا.

ئەوە لەکاتێکدایە دواى هێرشە موشەکییەکەى ئەمریکا بۆ سەر سوریا ترەمپ ڕایگەیاند، پەیوەندییەکانی ئەمریکا و ڕوسیا لە نزمترین ئاستدایە، مانگى ڕابردووش کریملین ڕەتیکردەوە کە پلانێک هەبێت بۆ پەیوەندی تەلەفۆنی و کۆبوونەوەی نێوان سەرۆکی ڕوسیا و سەرۆکى ئەمریکا.

ئەو پەیوەندییە بە سێهەم پەیوەندی تەلەفۆنی نێوان ترەمپ و پوتین دادەنرێت کە یەکەم پەیوەندییان لە مانگی کانوونی دووەمی ڕابردوودابوو کە گفتوگۆیان لەبارەی شەڕی داعشەوە کرد.

مانگى ڕابردووش ترەمپ لە پەیوەندیەکی تەلەفۆنیدا سەرەخۆشی لە پوتین کرد بەهۆی تەقینەوەکەى شاری سان پترسبۆرگی ڕوسیا کە بووە هۆى کوژرانی ژمارەیەک هاوڵاتى ئەو وڵاتە.
Top