گەڕی چوارەمی کۆبوونەوەکانی ئاستانە دەستپێدەکاتەوە

 گەڕی چوارەمی کۆبوونەوەکانی ئاستانە دەستپێدەکاتەوە
شاندی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا ئەمڕۆ (سێشەممە، 2-5-2017) دەگاتە ئاستانەی پایتەختی کازاخستان و، سبەی گەڕی چوارەمی گفتوگۆکانی تایبەت بە قەیرانی سووریا دەستپێدەکەنەوە.

دوایین خولی گفتوگۆکانی ئەستانە لەنێوان شاندی حکومەت و ئۆپۆزسیۆنی سووریا، لە 14 و 15-3-2017 بوو، بەڵام کۆبوونەوەکە بەدەر لە درێژکردنەوەی ئاگربەست، هیچ رێککەوتنێکی دیکەی لێ بەرهەم نەهات.

رووسیا، ئێران و تورکیا ئەو سێ وڵاتەن کە بە وڵاتانی پشتیوان لە گفتوگۆکانی ئەستانە ناویان دەبردرێت، کۆکن لەسەر ئەوەی قەیرانەکانی سووریا بەدەر لە چارەسەری سیاسی، بەهیچ رێگەیەکی دیکە کۆتاییان پێناهێنێت، بۆیە بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانەکانی سووریا، بەسەرپەرشتی هەرسێ وڵات، گەڕێکی دیکەی دانووستاندنەکانی ئەستانە دەستپدەکاتەوە.

سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا دەڵێ "گەڕێکی دیکەی دانووستاندنەکانی ئەستانە لەنێوان شاندی حکومەت و، ئۆپۆزسیۆنی چەکدار دەستپێدەکاتەوە، هەروەها وڵاتانی پشتیوانیش بەشداری تێدا دەکەن".

لە گەڕی چوارەمی ئەستانە گفتوگۆکان تەنیا لەنێوان شاندی حکومەت و ئۆپۆزسیۆنی چەکداری سووریا دەبن. پێشبینی دەکرێت لەو کۆبوونەوانەدا گفتوگۆکان لەبازنەی رێککەوتنی ئاگربەست و، گەیاندنی هاوکاری مرۆیی بۆ خەڵکی نێوخۆی سووریا بخولێنەوە.

شاندی حکومەتی سووریا رۆژی دووشەممە گەیشتووەتە ئاستانە و، بڕیاریشە رۆژی سێشەممە شاندی ئۆپۆزسیۆنی چەکدار بۆ هەمان مەبەست بگات.

کۆبوونەوەکانی ئاستانە لەکاتێکدان، تاوەکو ئێستا بەسەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتووەکان شەش کۆبوونەوەی دیکە لەنێوان شاندنی حکومەت و ئۆپۆزسیۆن لە جنێڤ ئەنجامدراون، بەڵام هیچ یەکێک لە کۆبوونەوەکان نەیانتوانیوە، کۆتایی بە قەیرانەکانی سووریا بێنن و ئاشتی لە سووریا بەرپابکەن.




رووداو
Top