فەرەنسا کۆنگرەیەک بۆ رەوشی مووسڵ دوای داعش ساز دەکات

 فەرەنسا کۆنگرەیەک بۆ رەوشی مووسڵ دوای داعش ساز دەکات
فەڕەنسا کۆنگرەیەک بۆ تاوتوێکردنی رەوشی مووسڵ دوای رزگارکردنەوەی لە ژێر دەسەڵاتی رێکخراوی توندڕەوی داعش، ساز دەکات.

بەپێی هەواڵی میدیا فەرەنسییەکان، کۆنگرەکە رۆژی پێنجشەممە 20ـی تشرینی یەکەمی 2016 لە شاری پاریس ساز دەکرێت.

لە کۆنگرەکەدا، کە چاوەڕێ دەکرێت سەرکردەکانی پارێزگای نەینەوا و نوێنەرانی هەرێمی کوردستان و عێراق تێیدا ئامادەبن، تاوتوێی بارودۆخی مووسڵ لە دوای داعش و چۆنێتی بنبڕکردنی بیری توندڕەوی دەکرێت.

پێشتر مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، کە لەگەڵ حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق رێککەوتووە لەسەر ئەوەی، شاری مووسڵ لەلایەن ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا بەڕێوەببرێت و تەنها سوپا و پۆلیسی عێراقیش پاراستنی ئەمنییەتی شارەکە بگرنە ئەستۆ.

بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە 17ـی تشرینی یەکەمی 2016، فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانی بۆ رزگارکردنەوەی مووسڵ لە سنووری میحوەری خازر راگەیاند و ناوچەیەکی فراوانی رۆژهەڵاتی پارێزگای نینەوا لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەوە رزگار کرایەوە.

لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانێتیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شاری مووسڵ و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار و چەند ناوچەیەکی باشووری کەرکووک لەلایەن چەکدارانی داعش داگیر کرا.














باسنيوز
Top