یاریدەدەری تایبەتی خامەنەیی: چوار وڵاتی رۆژهەڵاتی ناوڕاست دابەش دەبن

یاریدەدەری تایبەتی خامەنەیی: چوار وڵاتی رۆژهەڵاتی ناوڕاست دابەش دەبن


"یەحیا رەحیم سەفەوی" یاریدەدەری تایبەتی رێبەری ئێران "ئایتوڵڵا عەلی خامەنەیی" دەڵێت، ئەگەری دابەشبوونی چوار وڵاتی رۆژهەڵاتی ناوڕاست لەوانه عێراق، سووریا، لیبیا و یەمەن هەیه و لەوانەشه بۆ ماوەیەکی درێژخایەن ئەم دابەشبوونه سعوودیاش بگرێتەوه.



سەفەوی دەڵێت، دوای هێرشی ئەمەریکا بۆ سەر ئەفغانستان، قەیرانێکی جدی له ناوچەکه رووی داوه، بەڵام هێرشی ئەمەریکا بۆ سەر ئەفغانستان و عێراق له بەرژوەندیی ئێران تەواو بوو، چونکه دوو نەیاری له رۆژهەڵات(تاڵیبان) و رۆژئاوا(سەدام حوسێن) لەناوچوون و پێگەی ئێران له ناوچەکه بەهێزتر بوو.



یاریدەدەری تایبەتی رێبەری ئێران بۆ کاروباری سەربازی دەڵێت، ئامانج له دابەش بوونی ئەم وڵاتانه، "زاڵ بوونی ئەمەریکا بەسەر یەکه سیاسییه بچووکەکانه".



سەفەوی هەروەها ئاشکراشی کرد: "ئەگەری دابەش بوونی عێراق بەسەر دوو ناوچەی باکوور و باشوور یان سێ بەش، هەروەها دابەش بوونی سووریا(بۆ خستنەسەری باکووری ئەم وڵات(رۆژئاوای کوردستان) بۆ سەر باشووری کوردستان)، دابەش بوونی یەمەن بۆ یەمەنی باکوور و یەمەنی باشوور و هەروەها دابەش بوونی لیبیا بەسەر دوو بەشدا هەیه."



بەڵام سەفەوی پێشتر نیگەرانیی خۆی دەربڕیبوو که نابێت ئەو "دان و ستانە"ی رووسیا و ئەمەریکا له سووریا، بەرژەوەندیی زیادتری ئەمەریکا دابین بکات و لەو نێوانه ئێران "پشکێکی کەمتری" بەرکەوێت
Payamner-
Top